نێچیرڤان بارزانی لە ئەنقەرەیە

16-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی لە ئەنقەرە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.

دوای گەیشتنی بە ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهم کاڵن، بەرپرسی دەزگای میتیش بەشدار بوو.
 
بەگوێرەی پرۆگرامی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازیی لێ دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو پڕۆگرامەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16-10-2024 بڵاویکردووەتەوە، ئەردۆغان دوو کۆبوونەوەی هەیە؛ کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات و کاژێر 04:00ی ئێوارەش پێشوازی لە ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی دەکات.

ئەم سەردانە فەرمییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە دوای شەش مانگ دێت لە سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و دواتریش بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان.

دڵشاد شەهاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن.

لە کۆبوونەوەی لووتکەی ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی باسی چی دەکرێت؟

کارۆخ خۆشناو، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندن لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم سەردانە لەم کاتە هەستیارەدا بۆ ئەوەیە بتوانرێت لانیکەم هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزرێت لە پریشکی ئەو ئاگرەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەئارادایە. کاراکتەری دیپلۆماسیی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کارەکتەرێکی واقیعییە، کە بەشی زۆری سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوێ لە را و سەرنج و پێشنیازەکانی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی دەگرن."

پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە؛ ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە چەندین ساڵی رابردوودا دروستبووە.

ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەبارەی بابەتە هەستیارەکان

ئەردۆغان بۆ زۆر لە رێوڕەسمە تایبەتەکانی وەکو سوێندخواردنی خۆی وەکو سەرۆککۆمار و کۆنگرەی حیزبەکەی نێچیرڤان بارزانی بانگهێشت دەکات. لە کۆبوونەوەکانیشیاندا بیروڕا لەبارەی بابەتە هەستیارەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.

ناگەهان ئاڵچی، شرۆڤەکار دەڵێت، "پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاڵ بە دەسەڵاتی تورکیاوە دەنێن لەگەڵ کوردەکان دیالۆگ بکەن. ئەمە دۆخەکە جیاواز دەکات. من سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردیی عێراق نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە لەم چوارچێوەیەدا هەڵدەسەنگێنم."

دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا لە ئاداری ئەم ساڵدا بوو، کاتێك بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا چووە ئەو وڵاتە و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کان و هاریکاریی هاوبه‌شی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، هه‌روه‌ها لەبارەی دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".