مەسرور بارزانی پێشوازیی لە کۆنسوڵی نوێی چین کرد؛ 'کۆنسوڵ ستایشی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانی کرد'

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێی چین کرد. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کردووە.

رۆژی دووشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2023 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە لیو جیون، کۆنسوڵی گشتیى نوێی چین لە هەرێمی کوردستان كرد و تاوتوێی بەشێک لە کار و چالاکی و پڕۆژەکانی کۆنسوڵیان کرد لە هەرێمی کوردستان.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو پڕۆژانەی کۆنسوڵی چین کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسکران، زیاتر بوارەکانی پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و خوێندن و ژینگەپارێزیی لەخۆگرتبوو.