لە کۆیە سەنتەرێکی تایبەت بە خانەنشینان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆیە سەنتەرێکی تایبەت بە خانەنشینان لەلایەن شێخ باز بەرزنجی کرایەوە، سەرجەم خانەنشینانی سنوورەکە دەتوانن لێی سودمەندبن، سەنتەرەکە لە قاوەخانە، کتێبخانە، هۆڵێکی تایبەت بە ژنانی خانەنشین و چەند بەشێکی دیکە پێکهاتووە. 
 
فازڵ شەوڕۆ، شاعیر و خانەنشینە لە کۆیە لەبارەی سەنتەرەکەوە بە رووداوی گوت، "هیوادارین هەموومان وەک گلێنەی چاوی خۆمان بیپارێزین و خزمەتی بکەین، ئەوەش بکەینە سەرەتایەک بۆ ئەوەی پرۆژەی دیکەی بەدوادابێت، سپۆنسەرمان بکەن و یارمەتیمان بدەن."
 
مەولوود ژاکاو، خانەنشینێکی دیکەیە دەڵێت، "بڕیارمداوە بێم بۆ ئێرە و هاوڕێیەکانم ببینم، پێویستە ئەوانیش بێن بۆ ئێرە و پاڵپشتی ئێرە بکەن، بۆ ئەوەی دوانەکەوین و پێشبکەوین."
 
سەنتەری تایبەت بە خانەنشینانی کۆیە، لە چەند بەشێک پێکهاتووە لەوانە، قاوەخانە، کتێبخانە، وەرزش ،کلینیکی پزیشکی، سەرتاشخانەی بێ بەرامبەر و هۆڵێکی تایبەت بە ژنانی خانەنشین.
 
لەیلا تاهیر حەوێزی، ژنێکی خانەنشینە سەنتەرەکەی بە پرۆژەیەکی باش ناوبرد و گوتی، "دەستی هەموولایەک خۆشبێت، بڕیارمانداوە گروپێکی خۆمان هەبێت، بۆ ئەوەی بێینە ئێرە و خزمەتی یەکدی بکەین."
 
سەنتەرەکە لە نێو بازاڕی کۆیە، لەسەر رووبەری دوو هەزار و 500 مەتر چوارگۆشە بە تێچووی 600 ملیۆن دینار لەلایەن شێخ باز بەرزنجی دروستکراوە، خەرجی بەڕێوەبردنی سەنتەرەکەشی لە ئەستۆ گرتووە. 
 
رۆژ سالار، بەرێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگای شێخ باز بەرزنجی، رایگەیاند، " کۆیە خاوەنی کۆمەڵێک خەڵکی خاوەن بیر و خانەنشینی باش و رۆشنبیرە، خزمەتکردنیان زۆر پێویستە."
 
سەنتەری خانەنشینانی کۆیە، هاوشێوەی هەمان سەنتەری خانەنشینانی باخی شارە لە هەولێر، بڕیاریشدراوە باجی تایبەت بۆ هەر خانەنشینێک دروستبکرێت، کە بیەوێت لە سەنتەرەکە سوودمەندبێت.