شازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقام لە مەریوان بەڕێوەدەچێت

16-10-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چالاکییەکانی شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، بە ئامادەبوونی وەزیری رۆشنبیری و ئیرشادی ئێران لەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت. 
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2023 فێستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت؛ رەحمان هوشیاری، سکرتێری شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان رایگەیاند، ئەم ساڵ 25 گرووپی شانۆ ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشداری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقامی مەریوان بکەن.
 
بە گوتەی رەحمان هوشیاری، 21 گرووپی شانۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و 4 گرووپیش لە  ئەرمینیا، تورکیا، عێراق و تونس لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کەمیی بەشداریی نێودەوڵەتی لە فیستیڤاڵەکەدا بە هۆی کەمیی بودجەوە بووە و گلەیی ئەوەی کرد کە "دامەزراوە حکومییەکان لە پارێزگای سنە بۆ بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵی ئەم ساڵ هاوکارییان نەکردووە و هیچ بودجەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە بۆ تەرخان نەکراوە."
 
سکرتێری شانزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقامی مەریوان رایگەیاند، "نیوەی بودجەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و ئیرشادەوە دابین دەکرێت کە وەزارەتەکە ئەرکەکەی جێبەجێ کردووە، نیوەی دیکەی دەبێ لەلایەن دامەزراوەکانی پارێزگای سنەوە و شاری سنەوە دابین بکرێت، کە بەداخەوە لە ئاستی پارێزگادا ئەم ساڵ هیچ بڕە پارەیەک تەرخان نەکراوە."
 
رەحمان هوشیاری هەروەها گوتی، "لەگەڵ ئەوەی فێستیڤاڵی شانۆی سەر شەقامی مەریوان یەکێک لە گرینگترین براندەکانی کولتووریی پارێزگای سنەیە، بەڵام هەندێک لە دامەزراوەکان تەنانەت میوانخانەکانی خۆیان لە ماوەی بەڕێوەچوونی فستیڤاڵەکەدا بۆ میوانان تەرخان ناکەن."
 
سەبارەت بە ژمارەی پرۆژە شانۆییەکانی بەشدار لە شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەولەتی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، رەحمان هوشیاری گوتی، ئەم ساڵ 215 پرۆژەی شانۆ بۆ فێستیڤاڵەکە نێردران کە 38 پرۆژە لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە پەسند کران و بریارە لە رۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا نمایش بکرێن.
 
سکرتێری شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان هەروەها دەڵێت، "بە پێی ئامادەکارییەکان و ئەو پلانەی دانراوە، وەزیری رۆشنبیری و ئیرشادی ئێران و جێگرەکانی لە رێورەسمی دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکەدا بەشدار دەبن".
 
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەر شەقامی مەریوان، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە شانۆیە کە ساڵانە لە شاری مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکەمین خولی لە 21-12-2005 بەڕێوەچوو و تائێستا 15 خۆلی فێستیڤالەکە ساز کراوە.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا گرووپەکانی شانۆ لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبن و لە چەندین بەشی وەک پێشبرکێ، شانۆی نێودەلەتی و شانۆی نەتەوەکان، شانۆ سەرکەوتووەکان خەڵات دەکرێن. هۆکاری ناولێنانی فێستیڤاڵەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شانۆ بەشدارەکان لە سەر شەقامەکانی شاری مەریوان نمایش دەکرێن.
 
لە ساڵی 2020 بە هۆی پەتای کۆرۆنا و لە ساڵی 2022ش بە هۆی تەرخان نەکردنی بودجە فێستیڤاڵەکە بەڕێوەنەچوو.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە