لە جۆلەمێرگ نزیکەی شەش ساڵە خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کراوە

16-10-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە بۆ ماوەی 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە. ئەم قەدەخەکارییە لە 16ی تشرینی دووەمی 2016وە سەپێندراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگای جۆلەمێرگ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2022ەوە تاوەکو 30ی تشرینی یەکەمی داهاتوو، بۆ ماوەی 15 رۆژ هەموو جۆرە گردبوونه‌وه‌، خۆپێشاندان، رێپێوان و مانگرتن، هه‌ڵدانی چادر و چالاكییەکی دیکە قه‌ده‌خەیە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە مەبەستی پاراستنى بنەما سەرەكييەكانى كۆمار، يەكپارچەيى جيانەكراوه‌ى دەوڵەت و نەتەوە، پێشێلنەکردنی ماف و ئازادیى ئەوانى ديكە، ئاسايشى خەڵك و بەرقەراركردنى ئارامى، رێگرتن لە تاوان، پاراستنى ماف و ئازادیی خەڵك، رێگرتن لە هەر رووداوێكى نەخوازراو، لە هەمان کاتدا بۆ رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بڕیاری قەدەخەی خۆپێشاندان و گردبوونەوە دراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە ئەو چالاکییە فەرمییانە ناگرێتەوە کە لەلایەن پارێزگار و قایمقامەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدەرێت.
 
لە سنووری پارێزگاکانی جۆلەمێرگ و وانی باکووری کوردستان، دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەممووزی تورکیا، لە تشرینی دووەمی 2016وە و بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ‌ئەلیف و جیم لە ماددەی 11ی یاسای ژمارە 5442ی بەڕێوەبردنی شارەکان و ماددەی 17ی یاسای ژمارە 2911ی چالاکییەکان، لە ناوەندی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایانە، هەموو جۆرە خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه و چالاکییەکی هاوشێوە قەدەخە کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە