بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو راپرسی نێوخۆیی دەکات

16-10-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاریدا رۆژی 06-11-2022 پەرلەمانتارەکانی دەستلەکاربکێشنەوە. بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، کە لەگەڵ یەکگرتوو لە هەڵبژاردنی رابردوودا لیستێکی هاوبەشیان هەبوو، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکاركێشاوەکانی یەکگرتوو پڕ بکاتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە دەڵێت، "بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەیدات".
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و بزاڤی چاکسازی و گەشە بە لیستێکی هاوبەش بە ناوی (بەرەو ئیسڵاح) بەشداریانکرد و پێنج کورسیی پەرلەمانیان بردەوە، بەڵام هەر پێنج کورسییەکە بەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەوت.
 
رۆژی 12-10-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رایگەیاند، "وەرگرتنی هەڵوێست لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی 'نایاسایی' تاوتوێكراوە و ئەنجوومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا كە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو دوای 6-11-2022 كە تێیدا ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو دەبێت، لە پەرلەمانی كوردستان بكشێنەوە."
 
هەندرێن محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی یاسا، هەر پەرلەمانتارێک دەستلەکاربکێشێتەوە، لە فراکسیۆن یان لیستەکەی خۆی، بەهێزترین بەربژێری دەرنەچوو، شوێنەکەی پڕ دەکاتەوە؛ بەو پێیەی یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی و بزاڤی چاکسازی و گەشە یەک لیست بوون، بزووتنەوە و بزاڤی چاکسازیی شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان پڕ دەکەنەوە".
 
هەندرێن محەممەد گوتی: "ئەگەر فراکسیۆنێک دەستی لەکارکێشایەوە و هاوپەیمانێتی نەکردبوو بۆ هەڵبژاردن، دەنگەکانی بەسەر لیستە بەشداربووەکاندا دابەشدەکرێت و کام بەربژێر بە کەمترین دەنگ دەرچوو، دەبێتە پەرلەمانتار".
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی ئەو پەرلەمانتارانەی یەکگرتووی ئیسلامی کە بڕیارە دەستلەکار بکێشنەوە.
 
سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتاییان نەداوە، چاوەڕێی کۆبوونەوەن بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاربدا.
 
سەلام کەریم گوتی: تاوەکو ئێستاش دیار نییە یەکگرتوو بایکۆتی دانیشتنەکان دەکات یاخود دەستلەکاردەکێشێتەوە، هەر کاتێک بڕیاری خۆیدا، "ئێمەش بەرچاومان روون دەبێ".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتیی پشتگیریی ئەوە دەکەن کە بچنە پەرلەمان.
 
یوسف ئەحمەد، یەکێک لەو بەربژێرانەیە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2018 لەسەر لیستی بەرەو ئیسڵاح خۆی بەربژێر کردبوو، بەڵام دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنابوو، ئەگەر فراکسیۆنی یەکگرتوو بکشێتەوە، ئەو یەکێک دەبێ لەو بەربژێرانەی کە دەتوانێت وەکو پەرلەمانتار دەستبەکاربێت. 
 
یووسف ئەحمەد بە رووداوی گوت: "ئێمە لە لیستی بەرەو ئیسڵاح بەربژێربووین و لە رێگەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بووە، چوونیشمان بۆ پەرلەمان، بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەبێت و ئێمە پابەند دەبین بە بڕیاری ئەوان."
 
ئەو بەربژێرانەی کە بەپێی یاسا دەتوانن شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بگرنەوە:
 
عەبدوڵڵا وەرتی، 3040 دەنگی بەدەستهێنابوو
کامیل مەحموود، 1169 دەنگی بەدەستهێنابوو
لەیلا عەلی عەبدولعەزیز، 1109 دەنگی بەدەستهێنابوو
یووسف ئەحمەد، زیاتر لە 500 دەنگ
محەممەد بازیانی، (وەکو سەرۆکی بزاڤی چاکسازی و گەشە لە لیستی بەرەو چاکسازی خۆی بەربژێر کردبوو) 932 دەنگی بەدەستهێنابوو.
 
دوای دابەشبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ دووبەرە، پەرلەمانتارەکان لە کام بەرە دەبن؟
 
دوای نیوەڕۆی یەکشەممە 02-10-2022 ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ـی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە؛ بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن؛ هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەین". ئەمەش بزووتنەوەی ئیسلامیی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەو بەربژێرانە کە دەتوانن شوێنی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بگرنەوە، چواریان سەر بە عیرفان عەبدولعەزیزن و تەنیا محەممەد بازیانی، سەر بە گرووپە جیابووەوەکەیە کە کامیل حاجی عەلی سەرۆکایەتیی دەکات.
 
محەممەد بازیانی کە ئێستا بووەتە گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی (بەسەرپەرشتیی کامیل حاجی عەلی) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر دەستیان لەکار کێشایەوە، ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین".
 
محەممەد بازیانی گوتی: "من دوو جار مافی ئەوەم هەیە ببمە پەرلەمانتار، یەکەمیان ئەوەیە کە بەربژێری هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح بووم و دووەمیش؛ ئێستا ئەندامێکی بزووتنەوەی ئیسلامیم. بەڵام بڕیاری چوونم بۆ پەرلەمان، پەیوەستە بە کشانەوەی یەکگرتووی ئیسلامی و دواتریش بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.