نرخی عومرە دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
نرخی عومرە دادەبەزێت و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکان دەخاتەڕوو.
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆرجار لە کاتی پشووەکان و لە مانگی رەمەزانیش خواست لەسەر عومرە زیاد دەبێت و ئەوەش وادەکات نرخەکەی زیادبکات، بەڵام ئێستا دەوام هەیە و ئەوەش وایکردووە خەڵکی کەمتر هەوڵبدات بچێتە سعودیە بە مەبەستی عومرەکردن. ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی نزمبوونەوەی نرخی عومرە."
بە گوتەی کاروان ستوونی، هۆکارێکی دیکەی نزمبوونەوەی نرخی عومرە دەگەڕیتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە؛ لەوبارەوە گوتی: "مەرجی دامەزراندنی کۆمپانیا ئاسانتر بووە؛ پێشتر پێویست بوو ئەوەی کۆمپانیا دادەمەزرێنێت حەجی کردبێت، بەڵام ئێستا پێویستە تەنیا عومرەی کردبێت."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، پێشتر نرخی عومرە نزیکەی 800 بۆ 900 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ نزیکەی 660 بۆ 700 دۆلار دابەزیوە.
نزیکەی 150 کۆمپانیای حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان هەن؛ کاروان ستوونی گوتی: "ئێستا دەرفەتی کردنەوەی کۆمپانیا زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە فەرمانبەر نین، ئەوەش بۆ زیادکردنی هەلی کارە."