فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ کۆمەڵ: وشەی خیانەت بۆ ئێوە بەکارنەهێنراوە

16-10-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ رەخنەی لە فراکسیۆنی یەکگرتوو گرت سەبارەت بە بەکارهێنانی وشەی "خیانەتکار" بۆ ئەو کەسانەی لە پەرلەمان نەکشاونەتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رایگەیاند، وشەکە "بەرامبەر ئەوانە بەکار ھات کە پشتیوانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەکەن بە نایاسایی.. بێگومان مەبەست لێی برایانمان لە کۆمەڵی دادگەری نییە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کشاندنەوەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نیگەرانین لە کشاندنەوەی یەکگرتوو بەبێ ئاگادارکردنەوەمان، ئێمە لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو، فراکسیۆنی ئازادی، ناڕازییەکانی نێو فراکسیۆنی گۆڕان و سەربەخۆکان رێککەوتبووین بەیەکەوە هەڵوێست رابگەیێنین، رێککەوتبووین ئەگەر بمێنینەوە بە یەکەوە دەمێنینەوە، ئەگەر بکشێینەوە بەیەکەوە بکشێینەوە، بەڵام ئێمە ئاگاداری ئەو بڕیارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو نەبووین." 
 
هەر ئەمڕۆ، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی ئەو گوتانەی کۆمەڵی دادگەری لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەبارەت بە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەمان لە پەرلەمانی کوردستان لە 6-11-2022وە، ئەوە بریارێکی سیاسی سەرکردایەتی یەکگرتوو بووە و فراکسیۆنی یەکگرتوو بەبێ دواکەوتن جێبەجێی کرد، بۆیە بوار بۆ هیچ هاوئاهەنگییەک نەمابوو و نەمانویست کەسیش ئیحراج بکەین."
 
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکە لەبارەی بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان راگەیاند، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو دوای 6-11-2022 كە تێیدا ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو دەبێت، لە پەرلەمانی كوردستان نامێننەوە. دواتر شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانی گوتی مانەوە لە پەرلەمان لە دوای شەشی تشرینی دووەم "خیانەتە".
 
عەبدولستار مەجید لەبارەی بەکارهێنانی وشەی "خیانەت" گوتی: "نەدەبوو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوانەی کە ماونەتەوە یان دەمێننەوە بە خیانەتکار وەسف بکات، ئێمە خۆ خیانەتمان لە کۆبوونەوەکە نەکردووە، کە رێککەوتبووین هەموومان پێکەوە بڕیار بدەین، ئەوەی فراکسیۆنی کردی کارێکی باش نەبوو."
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژە بەوە کراوە، "وشەی خیانەت بەرامبەر ئەو کەسانە بەکاریان هێناوە کە پشتیوانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەکەن بەنایاسایی بۆ درێژەدان بەتەمەنی گەندەڵی و گەندەڵکاران، لەکاتێکدا دەنگدەر تەنیا بۆ چوارساڵ متمانەی بەخشیوە، بێگومان مەبەست لەو وشەیە برایانمان لە کۆمەڵی دادگەری نییە، چونکە ھەمیشە دژی ھەموو کارێکی ناشەرعی و نایاسایی بوون و داوای لێبوردن دەکەین بۆ ھەر ھەڵەتێگەیشتنێک."
 
رۆژی 09-10-2022 بە 80 دەنگ تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی یاسادانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023، درێژکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت