فیستیڤاڵی کولتوور لە شرناخ؛ پێشبڕکێی ئەم هەفتەیە لەبواری گۆرانییە

16-10-2021
رووداو @Rudawkurdish
بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە
بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە شرناخ فیستیڤاڵی کولتوور بەڕێوەدەچێت و پێشبڕکێی ئەم هەفتەیەش لە بواری گۆرانیدا بوو. بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر، بەشداربووان چوونە سەر سەکۆ و گۆرانییان پێشکێش کرد؛ لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا لە 244 بەشداربوو، بە بڕیاری لیژنە تەنیا هەشت کەسیان مانەوە.
 
مەلیکە جەسوور، بەشداربووی پێشبڕکێکەیە و دەڵێت، "هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەم، بەهۆی ئەوەی گەیشتمە قۆناخی پێش کۆتایی؛ شانازیش بەخۆمەوە دەکەم. بەڕێوەچوونی ئەم پێشبڕکێیە لە شرناخ جێگەی شانازییە. بۆ ئێمەش بووە ئەزموونێکی جیاواز. سوپاسی هەموو میوزیکژەنان و شارەزایان دەکەم کە ئەم چالاکییەیان رێکخست."
 
ئەو هەشت کەسەی سەرکەوتن خەڵاتیان وەرگرت؛ ئەوان لە ئامادەکاریدا دەبن بۆ قۆناخی کۆتایی.
 
لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک فیستیڤاڵ و پێشبڕکێی هونەری لە پارێزگای شرناخ بەڕێوەچوون. لەم فیستیڤاڵەشدا جگە لە هاونیشتمانیان، ژمارەیەک بەرپرس ئامادەبوون.
 
محەمەد یارکا، سەرۆکی شارەوانیی شرناخە و بەشداربووە، دەڵێت، "بەڵێ، شرناخ لەم ساڵانەی دواییدا بەڕاستی بووەتە ناوەندی چالاکییەکان. ماوەی نزیکەی مانگێکە، 244 دەنگخۆش لە پێشبڕکێدان. منیش وەکو سەرۆکی شارەوانیی شرناخ، بەڕاستی تازە گوێم لەم هەموو دەنگە خۆشانە بووە. لەمەودواش بۆ سازدانی چالاکیی هاوشێوە، دەست دەخەینە نێو دەستی یەکدی."
 
لە کۆتایی پێشبڕکێکەدا هونەرمەند زارا چووە سەر سەکۆ و چەند گۆرانییەکی گوت. زارا لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە