بە ڤیدیۆ؛ دەزگەی ئاسایش دەست بەسەر نیو تۆن مادەی هۆشبەر دا دەگرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ساتی دەستبەسەردا گرتنی بەشێک لە مادە هۆشبەرەکان
ساتی دەستبەسەردا گرتنی بەشێک لە مادە هۆشبەرەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی  نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زانیاریی هەواڵگری پێشوەخت لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگدا دەستمان بەسەر بڕی زیاتر لە نیو تۆن مادەی هۆشبەر گرتووە." 
 
رۆژی دووشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەستبەسەرداگرتنی 514 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین، کریستاڵ، ماریجۆنا، تلیاک، کریستاڵی شل، حەبی کابتاگۆن)یان راگەیاند.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە چالاکییەکەدا 51 تۆمەتباری بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، "بازرگانان ویستوویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ مادەی هۆشبەرەکان لە ناوچە سنوورییەکانەوە بەرەو شارەکان و دواتر بینێرن بۆ نێوەڕاست خوارووی عێراق و وڵاتانی دیکە."
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لەپێناو کۆمەڵگایەکی تەندروست بە چاوکراوەیی و هەوڵە چڕ و بەردەوامەکانی وەک هەمیشە توانیوێتی رێگری بکات لە بازرگانانی مادەی هۆشبەر بۆ هێنانی مادەی هۆشبەر و سەرجەم تەکنیکەکانیان پوچەڵ بکاتەوە و دەستگیریان بکات و رووبەڕووی یاسایان بکاتەوە."
 
"ئێستا تۆمەتباران بە مادەی (25 و 26) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە." دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وای گوت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە