پەیوەندییەکانی کامپی مەخموور بۆ رووداو: بۆردوومانەکەی تورکیا زیانی گیانی نەبووە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی کامپی مەخموور رایگەیاند، "بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا" بۆ سەر کامپی مەخموور، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بێوار ئەمین، ئەندامی بەڕێوەبردنی لیژنەی پەیوەندییەکانی کەمپی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ، دەنگی تەقینەوەیەک لەنێو کەمپ بیسترا کە سەرەتا وامانزانیوە تەقینەوەی بوتڵی گاز بووە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە هێرشێکی درۆنیی سوپای تورکیا بووە کە لە باخێکی ترێی نێو کامپەکەی داوە."
 
سەبارەت بە زیانەکانی بۆردوومانەکە، بێوار ئەمین گوتی: "بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا هەندێک زیانی مادی بە باخەکە و ئۆتۆمبێلێکی نزیک باخەکە کەوتووە."
 
بێوار ئەمین گوتیشی: "ماوەیەکە لیژنەیەکی حکومەتی عێراق و رێکخراوی یووئێن لە نێو کامپی مەخمووردان و دەیانەوێت خزمەتگوزاری بگەیێننە دانیشتووانی کامپەکە، بەڵام ئامانجی تورکیا ئەوەیە ئەو لیژنە و نێردانە بترسێنێت و وابکات لە کامپەکە بچنە دەرەوە و خزمەتی دانیشتووانی نەکەن، چونکە لەو کاتەوەی ئەوانە هاتوون، تورکیا دووجار بۆردوومانی کامپەکەی کردووە."
 
تورکیا بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە چەند جارێک کامپی مەخمووری بۆردوومان کردووە، بەڵام بێوار ئەمین رەتیکردەوە کە هیچ گەریلایەکی پەکەکە لە کەمپەکە مابێت و گوتی: "لە مانگی 10 ساڵی رابردووەوە هیچ ئەندام و چەکدارێکی پەکەکە لە نێو کامپەکەدا نەماون و دانیشتووانەکەی سەرجەمیان خەڵکی سڤیلن، بۆیە بیانووەکانی تورکیا بۆ چۆڵکردنی کامپەکە رەتدەکەینەوە."
 
10ی ئەم مانگەش بە درۆن کەمپەکە بۆردوومان کرا، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
 
کامپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کامپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
 
بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی مەخموور، نزیکەی 10 هەزار کەس لە کامپەکەدا نیشتەجێن. تورکیا زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کامپەکە بووەتە شوێنی پێگەیاندنی ئەندامانی پەکەکە و تاوەکو ئێستا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە