وەزارەتی گواستنەوە: پڕۆژەی تەکسیی میتەر لە زووترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
تاکسی لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
تاکسی لە هەرێمی کوردستان؛ وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەندین پڕۆژە خراونەتەڕوو بۆ برەوەدان بە کەرتی گواستنەوەی گشتی، گوتیشی، پڕۆژەی تەکسیی میتەر لە زووترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت.
 
رۆژی دووشەممە 16-09-2024، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی رایگەیاند: ''دان بەوەدا دەنێین کە هەندێک کێشە لە پاسەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژە خراونەتەڕوو بۆ برەودان بە کەرتی گەواستنەوەی گشتی.''
 
دیلان رەشاد گوتی: ''بە هاوکاریی کەرتی تایبەت لەسەر هێڵ بووینە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی گشتیدا دەرفەت بۆ وەبەرهێنەران بڕەخسێت و بتوانین چەند هۆکارێکی گواستنەوە بەتایبەتی پاس بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ نوێکردنەوەی هۆکارەکانی گواستنەوە گوتی: ''لە ماوەی رابردوودا هەوڵەکانمان لەو قۆناخەدا بوون کە دیزاینی سیتی پاس لە سەنتەری پارێزگاکان ئامادە کرابوو و تەنیا ئەوە مابوو کە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پاسە نوێیەکان بهێنرێنە نێو شارەکان و کاریان پێبکرێت.''
 
لەبارەی هۆکاری سستیی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکەش، دەڵێت، ئەو پاسانەی کە دیاریکرابوون، لەلایەن ئەو لیژنەیەی کە سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات، رەتکراونەتەوە، ''چونکە ئەو مەرجانەیان تێدا نەبوون کە ئێمە پێداگریمان لەسەر دەکرد، دۆستی ژینگە نەبوون و ئاسوودەیی سەرنشینانیان تێدا لەبەرچاو نەگیرابوو.''
 
دیلان رەشاد جەختی لەوە کردەوە پڕۆژەی سیتی پاس (پاسی نێو شار) جێبەجێ دەکرێت، ''بەڵام کاتی پێویستە و کەمێک سەختە هەر کەرەستەیەک بە خێرایی هاوردە بکرێت. لەگەڵ وەبەرهێنەران لە گفتوگۆ داین بۆ ئەوەی پاسێک بهێنین کە شایستەی خەڵکی خۆمان بێت.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێیوایە دۆخی گواستنەوەی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەروارد بە عێراق پێشکەوتووترە و ''تاوەکو ئێستا لە بەغدا خەڵک بە عارەبانە هاتووچۆ دەکەن، بەڵام ئێمە قۆناخی باشمان بڕیوە.''
 
بە گوتەی دیلان رەشاد، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پڕۆژەی نوێکردنەوەی پاسەکان لە هەرێمی کوردستان، تێچووی زۆرە و ''ئەگەر کەرتی تایبەت بیکات، پارەیەکی زۆری دەوێت و لەوانەیە بە 50 ساڵ ئەو داهاتەی دەست بکەوێتەوە کە خەرجی کردووە.'' دەشڵێت، ئێستا هەر پاسێک بۆ گواستنەوەی گشتی دابین بکرێت و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بێت، نرخەکەی ''زۆر خەیاڵی''ـیە.
 
زۆربەی هاونیشتمانییان بەتایبەتی لە سلێمانی گلەیی لە کۆنبوونی هۆکارەکانی گواستنەوە دەکەن. گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: ''کوالێتیی پاسەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن. بۆ نموونە پاسەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک لە سلێمانی باشترن.''
 
بە گوتەی دیلان رەشاد، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێنماییەکی دەرکردووە کە ''ئەو شۆفێرانەی دەیانەوێت پاسەکانیان بگۆڕن، دەبێت لانیکەم سێ مۆدێل سەرووی پاسی خۆیان بکڕنەوە کە بەداخەوە ئەو رێنماییە لە سلێمانی وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێت.''
 
گوتیشی، لە پارێزگای دهۆک پاسی کۆن نابینرێت و لە هەولێرش لە 100٪ـی پاسەکان، دوو یان سێ پاسی کۆنن، بەڵام لە سلێمانی ژمارەیان زیاترە.
 
بە گشتی 23 هەزار و 984 پاس لە هەرێمی کوردستان هەن و یەکێک لە گرفتەکانی شۆفێری پاسەکان، گرانیی نرخی بەنزینە کە کاریگەری لەسەر نرخی کرێی تەکسی و پاسەکان دادەنێت. دیلان رەشاد دەڵێت: ''پێمان باشە لە داهاتوودا ئەگەر نرخی بەنزین دانەبەزێ، لانیکەم بۆ تەکسی و پاسەکان جێگیر بکرێت، کە ئەمە کەمێک لە خەمی هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە.''
 
''تەکسیی میتەر جێبەجێ دەکرێت''
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر داوای مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پڕۆژەی تەکسیی میتەر دەکرێت: ''لیژنەی بۆ دروست کراوە و بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی نێوخۆ کاری لەسەر کراوە و  لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت.''
 
وەک دیلان رەشاد دەڵێت، ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی پڕۆژەکەن و لیژنە تایبەتەکان چەندین جار سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی قسە بکەن و شێوازی بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەهێنرێن ببینن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن سەبارەت بە پڕۆژەکە ئەوەشی خستەڕوو، ''تەنیا شتێک کە ماوە، مەسەلەی نرخی بەنزینە، بۆ ئەوەی ئەو تەکسیی میتەرە کاریگەری لەسەر نرخەکان دروست نەکات؛ چونکە لەگەڵ دابەزین و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، کێشە بۆ ئامێرەکان دروست دەبێت، لەوانەیە دووبارە شۆفێری تەکسی لەگەڵ سەرنشینان تووشی کێشە بن.''
 
ئەم ساڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێنوێنیی ژمارە 1ـی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە "کارکردن و وەگەڕخستنی ئامێری تەکسی میتەر و رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان."
 
ئامانجەکانی پڕۆژەکە لەنێو ئەو رێنماییەدا بە شەش خاڵ دیاریکرابوو، ئەوانیش "کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان، پاراستنی ژینگە، کەمکردنەوەی خەرجی سووتەمەنی و وزە، نەهێشتنی بابەتی قۆرخکار و هەڵقۆستنەوەی سەرنشین، رێگری لە کێشەی کۆمەڵایەتی، پاراستنی هاوسەنگی نرخ لەنێوان سەرنشین و شۆفێر."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە