پزیشکیان: سەرنجڕاکێشە کە من و مەسعود بارزانی لە مهاباد لە دایکبووین

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: "مەسعود بارزانی لە مهابادی ئێمە لەدایکبووە. لە مهابادی ئێران لەدایکبووە. منیش لە مهاباد لەدایکبووم، ئەویش مەسعودە منیش مەسعودم. ئیدی چ رووداوێکی سەرنجڕاکێشە".
 
مەسعود پزیشکیان، رۆژی دووشەممە 16-09-2024 لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆککۆماری ئێران، وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و باسی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی کرد.
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "زۆر بە ئاسانی دەمانتوانی گفتوگۆ بکەین. لەخۆڕا شەڕیان لەنێوان ئێمە دروستکردووە. هەندێک کەس لەوێ چەکدار دەکەن بێنە ئەم دیو و لێرە و لەوێ شەڕێک دروستبکەن".
 
مەسعود پزیشکیان هەروەها گوتی: "بڕیارە ئەوان [هەرێمی کوردستان] ئاسایشی ئێمە بپارێزن، ئێمەش ئاسایشی ئەوان. پەیوەندییەکانمان سەرڕاست دەکەینەوە، پەیوەندی ئابووریمان باش دەکەین و لە هەموو ئەو بوارانەی بۆمان دەگونجێت، یارمەتی یەکدی دەدەین".

 

 

 

سەرۆککۆماری ئێران هێرشی کردە سەر ئەمریکا و گوتی: "ئەمریکاش پێیخۆشە ئێمە پێکەوە بەشەڕ بێین، بەڵام ئێمە ئەگەر عاقڵ بین شەڕ ناکەین".
 
مەسعود پزیشکیان لە تەمموزی ئەم ساڵ بە سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو سەردانی بەغدای کرد، رۆژی پێنجشەممەش سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، هاتنی پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
 
پزیشکیان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە، دواتر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. هەر لە هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئایینییەکان کۆبووەوە.
 
سەرۆک مەسعود بازرانی لە 16ی ئابی 1946 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، مەسعود پزیشکیانیش، کە بە گوتەی خۆی بە رەچەڵەک تورکە، رۆژی 29-09-1954 هەر لە مهاباد لەدایکبووە. قۆناخی سەرەتایی خوێندنی لە مهاباد بووە و کوردییەکی باش قسە دەکات. لە بەغداش بە کوردی وەڵامی پرسیارەکانی پەیامنێری رووداوی دایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە