وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان: کۆتایی ئەم ساڵ زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاوی گلدراوەمان دەبێت

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کابینەی نۆیەمی حکومەت لە ماوەی کارکردنیدا 10 بەنداوی دروستکردووە کە کۆتایی ئەم ساڵ بڕی ئاوی گلدراوە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 10 ملیار و 122 ملیۆن مەتر سێجا.
 
رۆژی دووشەممە 16-09-2024، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی بەنداوی دوین لە پارێزگای هەولێر، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''بە دروستکردنی بەنداوەکە، ناوچەیەکی دیکەی گەشتیاریی گرنگ پێکدەهێنرێت کە سەرەڕای ئەوەی کاریگەری لەسەر زیندووبوونەوە ئاوی ژێرزەوی هەیە، بۆ سامانی ماسی، کشتوکاڵ و کۆمەڵێک بواری دیکە سوودی لێدەبینرێت.''
 
بەنداوەکە دەکەوێتە قەزای پیرمام و نزیک قەڵای دێرینی دوین کە بە گوژمەی 88 ملیار دینار دروست دەکرێت و توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت. بێگەرد تاڵەبانی گوتی، ''لە هەشت کابینەی رابردوودا، تەنیا 14 بەنداو دروستکراون کە توانای گلدانەوەی ئاو تێیاندا 50 ملیۆن مەتر سێجا بوو.''
 
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ [بەگشتی] 10 بەنداو تەواو دەکرێن کە توانای گلدانەوە ئاو تێیاندا 160 ملیۆن مەتر سێجا ئاوە.
 
وەک بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، بەو 10 بەنداوە، کۆی گشتیی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە 10 ملیار و 122 ملیۆن مەتر سێجا تێدەپەڕێت کە ''ئەوە بۆ ئێمە دەستکەوتێکی گرنگ و ستراتیژییە و نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش''.
 
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان باسی لە بەنداوی گۆمەسپان کرد و گوتی، ''مانگی داهاتوو کارەکانی تەواو دەکرێن و دەتوانین بەنداوەکە بکەینەوە.''
 
بەنداوی گۆمەسپان کە بە دووریی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر. لەدوای بەنداوەکانی دووكان و دەربەندیخان، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و، گەورەترین بەنداوی پارێزگای هەولێر.
 
بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ''لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا بڕیاردراوە تەرخانکردنی دارایی بۆ گرنگیدان بە دروستکردنی پۆند و بەنداو، کاری لەپێشینەمان بێت.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە