رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و سەرچاوە سرووشییەکانی لوڕستان دەڵێت، هۆکاری 95%ی سووتانی دارستانەکان مرۆیین. گوتیشی، لە نزیکەی چوار مانگی رابردوودا 4700 هێکتار دارستان و پاوەنی سنوورەکە سووتاون.
حوسێن میرزایی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 21-05-2024وە، بەهۆی 166 ئاگرکەوتنەوە، چوار هەزار و 700 هێکتار دارستان و پاوانی سنوورەکە سووتاون.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای لوڕستان گوتیشی، دوای بەدواداچوون بۆ هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، دەرکەوتووە کە هۆکاری 95%یان مرۆیی بوون، کە تاوەکو ئێستا 38 کەس بە تۆمەتی سووتاندنی دارستانەکان دەستنیشان کراون و شەش کەسیش دەستگیر کراون.
پێشتر سەعید ئەمیری، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی لوڕستان رایگەیاندبوو، "سزای ئەو کەسانەی ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن، لە سێ ساڵ کەمتر و لە 10 ساڵ زیندانیکردن زیاتر نابێت."
نزیکەی 75%ی رووبەری پارێزگای لوڕستان، کە دەکاتە دوو ملیۆن و 200 هەزار هێکتار، دارستان و لەوەڕگەیە.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، هەموو ساڵێک لە ئێران 20 هەزار هێکتار دارستان و سەتان هەزار دار دەسووتێن.
هۆکارە مرۆییەکان هۆکاری بەشی زۆری سووتانی دارستانەکانن، بەڵام هۆکارە سرووشتییەکانیش رۆڵیان لە سووتانیاندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ