ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: هەموو سەرکردە دێرینەکان دەبنە ئەندامی کۆنگرەی پێنجەم

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی پێنجەم لە سلێمانی ببەستێت. ئەندامێکی سەرکردایەتیش دەڵێت، "هەموو سەرکردە دێرینەکان ئەندامی کۆنگرە دەبن و خۆیان بڕیار لەسەر خۆبەربژێرکردنەوە بۆ سەرکردایەتی دەدەن."
 
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە کەرکووک کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رۆژی 27ی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت، یەکشەممە 27-08-2023 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی کۆنگرە کۆبووەوە.
 
رووداو زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیستێکی 50 کەسیی ئامادە کردووە بۆئەوەی کۆنگرە دەنگیان پێبدات و ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی؛ بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
ئەو ناوە نوێیانەی لە لیستەکەی بافڵ تاڵەبانیدا هاتوون کێن؟
 
رووداو زانیویەتی، لەنێو لیستەکەی بافڵ تاڵەبانیدا، چەند ناوێکی نوێ هەن، کە ئەگەر دەنگی پێویست بهێنن، بۆ یەکەمجارە بچنە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەوانیش:
 
وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی
یوسف گۆران، وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان
لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری کوردستان لە خولی پێنجەم
عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری کوردستان لە خولی پێنجەم
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان
هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی
 
رووداو زانیویەتی بافڵ تاڵەبانی هەوڵدەدات هەموو سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی بە شێوەیەکی کاراتر بگەڕێنێتەوە نێو حیزبەکە، لەوانە: مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی؛ عەدنان موفتی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی؛ مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی.
 
بەپێی زانیارییەکان، جەعفەر شێخ مستەفا، بڕیاری داوە لە کۆنگرە خۆی بەربژێر بکات بۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
 
ئەندامێکی سەرکردایەتی: هیچ لیستێکی پێشوەختە ئامادە نەکراوە
 
شەممە 16-09-2023 حاجی مەسیفی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی پەیڕەو، ئەوانەی لە کۆنگرەی یەکەمەوە تاوەکو چوار ئەندام بوون، ئەوانەی پێشمەرگەی سەرەتایین لەگەڵ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، ئەگەر لە ژیاندا مابن، سەرجەمیان دەبنە ئەندامی کۆنگرە."
 
لەبارەی گەڕانەوەی ئەندام و سەرکردە دێرینەکانیش، حاجی مەسیفی گوتی، "هەموویان ئەندامی کۆنگرەن و خۆیان بڕیار دەدەن، بەڵام پێموایە هەموویان بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمدا بکەن."
 
هەروەها بێستوون سابووراوایی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، دەنگۆی ئامادەکردنی لیست بۆ ئەندامانی داهاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی رەتکردەوە و بە رووداوی گوت، "بڵاوکردنەوەی هەر لیستێک دوورە لە راستی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمەوە بەوپەڕی ئازادانە هەڵدەبژێردرێن."
 
بێستوون سابووراوایی ئاماژەی بەوەش کرد، "لیژنەیەک بۆ ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەم دیاریکراوە و ئێستا دەستبەکارن، جارێ دیارنییە کەی هەڵبژاردنی نێوخۆیی بۆ ئەندامانی کۆنگرە دەکرێت."
 
19 و 20ی ئەیلوول مەڵبەند و مەکتەبەکان هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە دەکەن
 
حاجی مەسیفی دەڵێت، "ئامادەکارییەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و تاوەکو ئێستا بەپێی پلانی ئامادەکراوی لیژنەکە، هەموو رێکارەکان لەکاتی خۆیاندا گیراونەتەبەر و لە 19 و 20ی ئەیلوول، کۆنفرانسی مەڵبەندەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەم دەکرێت."
 
میوانەکانی کۆنگرەی پێنجەم
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی میوانانی بانگهێشتکراو بۆ کۆنگرەی پێنجی یەکێتی بە رووداوی گوت، میوانێکی زۆر لەسەر ئاستی نێوخۆیی، عێراق، هەرێمی و چەند وڵاتێکیش لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشت دەکرێن."
 
پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەبنە ئەندامی کۆنگرە؟
 
لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیدا کە لە ساڵی 2019 بەسترا، لە 21 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، حەوت ئەندامیان بۆ دیاریکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە چەندیان دەبنە ئەندامی کۆنگرە.
 
عەباس فەتاح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە رووداوی گوت، "دیارنییە دەبینە ئەندامی کۆنگرە یان نا، بەڵام ئەگەر وەکو کۆنگرەی رابردوو ژمارەیەکمان پێبڵێن، ئێمەش وەکو فراکسیۆنی خولی پێنجەم، دەبێت لەنێو خۆمان رێکبکەوین و ئەندامەکان دیاری بکەین."
 
8 بۆ 10 ژن دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو لیستەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیدا، ناوی چەند ژنێک هەیە بۆئەوەی ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەوانیش:
 
جوان ئیحسان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتی
بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی و وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
تەلار لەتیف، پەرلەمانتار لە خولی سێیەمی پەرلەمان
رێواز فایەق، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی پەرلەمان لە خولی پێنجەم
رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی
بڵێسە جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی
فریال عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی
 
ئەنجوومەنێک بۆ ئەو سەرکردانە دروستدەکرێت کە دەرناچنەوە
 
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، لە تەلاری هونەری ناوەندی شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بڕیارە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە 124 کەسەوە بۆ نیوە کەمبکرێنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرە دەنگی پێویست ناهێننەوە، ئەنجوومەنێکی راوێژکارییان بۆ دروستدەکرێت و لەو ئەنجوومەنە دەبنە ئەندام.
 
رووداو زانیویەتی کە، بارەگای مەکتەبی سیاسی دەبرێتە دەباشان و لەوێ ئێستا هۆڵێکی تایبەت بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دروستدەکرێت، هەروەها مەکتەبەکانی راگەیاندن دەبرێنە قەڵاچوالان و ئەو ئەنجوومەنی راوێژکارییەش کە بڕیارە دروستبکرێت، دەچێتە شوێنی مەکتەبی سیاسیی ئێستا لە سلێمانی.