لە رووها دزی لە ژن و مێردێکی بەساڵاچوو دەکرێت و خانووەکەشیان دەسووتێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری رووهای باکووری کوردستان دز هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژن و مێردێکی بەساڵاچوو؛ دوای ئەوەی دزییان لێکردن، ئاگریان لە ماڵەکەیان بەردا.
 
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە 15ی ئەیلوولی 2022، لە گەڕەکی یاقوبییەی سەر بە شارۆچکەی ئەیوبییە لە ناوەندی شاری رووها روویداوە. 
 
دزەکان سەرەتا کە چوونەتە ژوورەوە، هەشت پارچە ئاڵتوونیان دزیوە و دواتر ئاگریان لە ماڵەکە بەرداوە و هەڵاتوون.
 
دوای ئەوەی دووکەڵ لە ماڵەکە بەرزبووەتەوە، دراوسێکان بەرپرسە کارگێڕییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە و تیمەکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.  
 
ژن و مێردە بەساڵاچووەکە بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە و تیمە پزیشکییەکان لەناو ئەمبوڵانسدا چارەسەریان بۆ کردوون. 
 
تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی دزەکان.