هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران راهێنانێکی سێ رۆژە دەکات


رووداو-هەولێر

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانیشتووانی سنوورەکە ئاگاداردەکاتەوە کە بەهۆی راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ دەنگی تەقە بە چەکی جۆراوجۆر دەبیسترێت.
 
رۆژی هەینی 16ـی ئەیلوولی 2022، مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ رۆژی هەفتەی داهاتوو، بەهۆی ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە مەشق و راهێنان دەکەن، تەقەی زۆر دەکرێت. دەمانەوێت خەڵک هیچ ترسێکیان لا دروستنەبێت. راهێنانەکە زیاتر بە رۆژ و لە کاتی بەیانییان دەبێت."
 
ئەو قسانەی قایمقامی قەزای سۆران لە کاتێکدان، ئەمڕۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هاوڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاگاداردەکەینەوە کە رۆژانی شەممە، یەكشەممە، دووشەممە واتە 17،18،19ـی ئەیلوولى 2022، بنکەی مەشقی پیادەی هەولێری هێزەکانی پێشمەرگە چەند راهێنانێکی سەربازی لە بناری چیای هەندرێن ئەنجام دەدات".  
 
لە روونکردنەوەکەدا هاتبوو، لەو راهێنانەدا چەکی جۆراوجۆر بەکاردەهێندرێت و بۆیە "بە هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سۆران رادەگەیێنین لە كاتی بیستنی دەنگی تەقە یان دەنگی بەرز، نیگەران نەبن."