نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوە گفتوگۆمان لەبارەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەهێزەکانمان کرد

16-09-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لیز ترەس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ناوچەکە قسەیان کرد. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاڵای کوردستانی بۆ پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دانابوو.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئەیلوولی 2021 لە تویتێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ لیز ترەس، وەزیری نوێی دەرەوەی بەریتانیا کۆبوومەوە، لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا وەکو باڵاترین دیپلۆماتی بەریتانیا و بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستە نوێیەکەیەوە پیرۆزباییم لێکرد. ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بەهێزەکانمان و پاڵپشتیی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان، سەقامگیریی ناوچەکە و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە کرد".
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، نێچیرڤان بارزانی خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا دووپات کردووەتەوە.
 
هەر لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتیکردووەتەوە، "به‌ريتانيا پابه‌نده‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگيريكردنى عێراق و هە‌رێمى كوردستان و له‌ کارکردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانيان له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا، ‌هە‌روەها هیواى خواست هاريكارى و هاوبه‌شيى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هە‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانيدا فراوان بكرێت".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جگە لە سوپاسکردنی به‌ريتانيا بۆ پشتگيرى له‌ عێراق و هە‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعش و بۆ هاوكارى و يارمه‌تيى‌ مرۆيى كه‌ پێشكێش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى كردووه‌، "پوخته‌يه‌كيشى ده‌رباره‌ى هە‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتگيرى و هاوكاريى به‌ريتانيا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆست، پێشکێش كرد".
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هۆكاره‌كانى سەرهەڵدانەوەی داعش و مه‌ترسييه‌كانى، هە‌ڵبژاردنه‌كان و پێشبينيى پرۆسه‌ى سياسى و داهاتووى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هە‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكهاته‌كان له‌ عێراق و هە‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و "هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگيريى عذێراق بۆ ناوچه‌كه‌ و جيهانيش گرنگه‌".
 
لیز ترەس کە پێشتر وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بەریتانیا بوو، رۆژی چوارشەممە 15ی ئەیلوولی 2021 لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی کابینەی حکومەتی بەریتانیا لەلایەن بۆریس جۆنسنەوە وەکو وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا.
 
بەوەش، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیز ترەس لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری دەرەوەدا کە لەگەڵ سەرکردەیەکی جیهان ئەنجامی دابێت.
 
کۆنسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا رۆژی چوارشەممە لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەیان لەم کاتەدا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندیی بازرگانی و پێکەوە کارکردنی ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتە.
 
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا دەڵێت، وەزیری نوێی دەرەوەی وڵاتەکەیان لە ماوەی رابردوودا لە نزیکەوە کاری لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەل لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.