ژنێکی کوردی ئێزدی بە گریانەوە چیرۆکی رفاندن و رزگاربوونی خۆی لە دەستی داعش دەگێڕێتەوە

17-09-2021
کاوار ساڵح
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شیرین خەلەف، ژنێکی رزگاربووی دەستی داعشە، خەڵکی کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدری قەزای شنگالە و ئێستا لە کەمپێکی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک دەژی، چیرۆکی رفاندنی خۆی و خێزانەکەی لەلایەن چەکدارانی داعش دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "منداڵ لەپێش چاوی دایکیان سەریان دەبڕدرا و گۆشتیان دەکوڵاند و دەخواردی دایکەکانیان دەدرایەوە".
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "هێڤیدار و گوڵستان"ی رادیۆی رووداو، شیرین خەلەف گوتی، "منداڵ لە پێش چاوی دایکەکانیان سەریان دەبڕا و گۆشتیان دەکوڵاند و دەرخواردی دایکەکانیان دەدرایەوە، ئەمە گەورەترین تاوانە، ئەوەی بەسەر ئێمەی ئێزدیدا هاتووە لە هیچ ئایین و مێژوویەکدا نەبووە و نییە".
 
شیرین کاتێک لەلایەن داعشەوە لەگەڵ هاوژین و سێ کوڕ و کچێکی دەستگیرکرابوون بە کچێکی دیکەش دووگیان بووە، ئاماژە بەوە دەکات "ئەو کاتەی کە دەستگیرکرام، دووگیان بووم، دوای شەو و رۆژێک لە ئازار کەس نەبوو لێم بپرسێ، دواجار منیان برد بۆ نەخۆشخانەیەک لە موسڵ و نەیانهێشت یەک کەسیش لەگەڵم بێت و منداڵەکەم بە نەشتەرگەری لەوێ لەدایکبوو، منداڵەکەم بەهۆی ئەشکەنجە و ئازاری من کاتێک لەدایکبوو، وەک ئەوە وابوو مریشکێکت لەنێو ساردکەرەوە دەرهێنابێت، وشک وشک ببوو، دوای شەوێک مانەوە لەنێو نەخۆشخانەدا، لەسەر داوای من بردرام بۆ لای منداڵ و هاوژینەکەم لە هۆڵێکی موسڵ، مانگێک لەوێ مامەوە و دواتر منیان گەڕاندەوە بۆ تەلەعفەر".
 
لە تەلەعفەرەوە بۆ سووریا
 
ئەو ژنە رزگاربووەی دەستی داعش ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئەو کاتەی لە عێراق بووین، کە نزیکەی 9 مانگ دەکات، لەگەڵ خێزانەکەم پێکەوە لەژێر دەستی داعش بووین، بەڵام دواتر ئێوارەیەک کە لە تەلەعفەر بووین، هاتن و پێیان گوتین 'هەینییە با پیاوەکان بێن بۆ مزگەوت' و لەو کاتەوە ئیدی پیاوەکانمان نەبینییەوە، پیاوەکان بە زۆر کرابوون بە موسڵمان و ئەوەی باوەڕی نەهێنابا دەکوژرا، داوایان لە ئێمەش کردبوو موسڵمان ببین".
 
لە بەشێکی دیکەی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا، شیرین گوتی "کە پێکەوە بووین هەر جارەو ئێمەیان دەبردە گوندێکی شنگال، 4-5 مانگ لە تەلەعفەر بووین مانگێک لە قزلقەیو بووین، تاوەکو ئێمە لە عێراق بووین نەفرۆشراین، سەرەتا زوڵمیان لێ نەدەکردین، بەڵام دواتر رۆژ لەدوای رۆژ ناخۆشتر دەبوو، ئەو رۆژەی پیاوەکانمانیان لە ئێمە جیاکردنەوە دەوروبەری کاژێر 4:00-4:30 هاتن منداڵەکانی ئێمەشیان جیاکردەوە و سواری پاسەکان کراین و براین بۆ نێو قوتابخانەیەک لە تەلەعفەر، دەمانپرسی کوان پیاوەکانمان، دەیانگوت 'لە مزگەوتن، ئێستا ئەوانیش دەهێنین بۆلای ئێوە'، کە ئێمە براین بۆ پێنج رۆژ لە قوتابخانەکەدا ماینەوە، دواتر ئەمیرێکی داعش لە موسڵەوە هات و منداڵەکانی ئێمەشیان جیاکردەوە لە کوڕەکانم و ئامۆزایەکیان کە لەگەڵمدا بوون، کوڕەکانم گەورەبوون پۆلی 11 و 12یان تەواوکردبوو، هەرسێکیان لێسەندم و پێیان گوتم منداڵی تۆ نین، چەندە پێم گوتن بە خودای گەورە منداڵی منن، بەڵام گوێیان پێنەدا و بردنیان، دوای ئەوە بە ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەی خۆراک و پاسی گەورە ئێمەشیان گواستەوە بۆ شاری رەققەی سووریا، لەنێو ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوەدا ئێمەیان دەگواستەوە، ساردیان پێدەکرد تاوەکو دەیبەست و دەیانکوژاندەوە و دواتر ساردیان پێدەکردەوە، لە رێگەدا پێیان دەگوتین کوا پێشمەرگەکان کوا گەورەکانتان بۆچی نایەن رزگارتان بکەن، پێدەکەنین و زوڵمی زۆریان لێدەکردین".
 
دوو کچەکەی شیرین هێشتا رزگارنەکراون
 
هەردوو کچەکەی شیرین تاوەکو ئێستاش هیچ سۆراخێکیان نییە، کاتێک کەوتنە دەستی داعش یەکێکیان ناوی یەریڤانە و تەمەنی حەوت ساڵان بووە و ئەوەی دیکەیان ناوی شیلانە و لەوێ لەدایکبووە، ئەو ژنە رزگاربووەی دەستی داعش ئاماژە بەوە دەکات، بەڵگەی هەیە کچەکانی ماون و وێنەکانیان پێگەیشتووە، دڵنیایە یەکێکیان لەنێو کەمپی هۆلە کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت، "وێنەم بۆ هاتووە کچە گەورەکەم یەریڤان لەنێو کەمپی هۆلە، کاتێک ویستوویانە باجیان بۆ بکەن، چونکە نەیبووە، تاوەکو لەنێو کەمپی هول دەرکەون و براون بۆ ئیدلب و ئەو شوێنانە، ئەو کات کەسێک چاوی پێدەکەوێت و دەڵێت ئەم کچە ئێزدییە و وێنەی گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، کاتێک منیش وێنەکەیم بینی قسەم لەگەڵیان کرد و پرسیم ئەوە کچی منە و لە کوێیە، ئەوان پێیان گوتم لە سووریایە".
 
دەربارەی چارەنووسی کچە بچووکەکەشی کە ناوی شیلانە، شیرین وێنەکەی نیشاندەدات و دەڵێت "کاتێک تەمەنی یەک ساڵ بوو، من هێشتا رزگارنەکرابووم ئەم وێنەیەی بۆم هاتووە کە لای ئەبو ئەحمەد بوو، هەر خۆی بۆی ناردبووم، [ئەبو ئەحمەد چەکدارێکی داعشە] کە سێ ساڵ لەگەڵ هەردوو کچ و کوڕەکەم لەگەڵی ژیاوین، تەنیا خزمەتیم دەکرد، ئەو ماوەیەی لەگەڵیدا بووم لە زۆر شوێنی سووریا ژیاوین، لەوانە مەیادین و دێرەزوور، لەگەڵیان دەگەڕاین، هەر کاتێک سوپا دەهات، لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە دەڕۆیشتین و ئێمەیان وەکو قەڵغان بەکاردەهێنا، تەنیا بۆ خزمەتکردن لای ئەوان بووین و هەر کارێکیان داواکردبا دەمانکرد، بەزۆر قورئانیان پێ دەخوێندین و نوێژیان پێدەکردین و منداڵەکانمان دەچوون بۆ وەرگرتنی وانەی ئایینی، شتێک نەما بەسەرمان نەهێنن".
 
ئەبو عوبەیدە، چەکدارێکی داعشی سعودیی تووندڕەو
 
شیرین زیاتر باسی ژیانی ژێر دەستی ئەبو ئەحمەد دەکات و باس لەوە دەکات کچەکەی کە حەوت مانگ بووە ئەشکەنجە دراوە و دەڵێت، "خێزانەکەی یەک منداڵی هەبوو و منداڵی دیکەیان نەدەبوو و دەیانویست کچەکەی من، شیلان، بۆ خۆیان بێت و لای خۆیان گەورەی بکەن، چونکە بچووک بوو، بەڵام گەورەکە شارەزابوو، رۆژێک کاژێر 4:00ی بەیانی ئۆتۆمبێلی هێنا و کەلوپەل و خێزانی خۆی و هەردوو کچەکەی منیان سوارکرد لەگەڵ خزمێکی خۆی و نێردران بۆ شوێنێکی دیکە، من و کوڕەکەم و ئەبو ئەحمەد پێکەوە لە مەیادین ماینەوە و پێی گوتم: تۆ و کوڕەکەت دەفرۆشم بە ئەبو عوبەیدە، تاوەکو ئەویش بتانفرۆشێت بە کەسوکارت'. ئێمەی پێی فرۆشت کە پیاوێکی سعودی بوو، بۆ ئێوارە بە کوڕەکەمی گوت، نوێژ بکە و دەچین بۆ مەقەڕ، کاتێک دەچن بۆ ئەوێ، ئەمیری داعش پێی دەزانێت کە دەیەوێت خۆی بکاتە سڤیل و بە قاچاخی رابکات، کاتێک ئەبو ئەحمەد بەوە دەزانێت، بە کوڕەکەم دەڵێت بڕۆ بگەوە دایکت، با هەردووکمان نەگرن و منیش خۆم رزگار دەکەم، کاتێک کوڕەکەم هەوڵدەدات بێتەوە لام، ئامۆزایەکی ئەبو ئەحمەد بەناوی ئەبو محەممەد کوڕەکەی من بە ماتۆڕسکیلێک دەڕفێنێ و دەیباتەوە سەربازگەکە، دواتر کاژێر 08:00ی ئێوارە لە دەرگای ماڵەوەمان درا، ئەبو عوبەیدەی سعودی بوو، پێی گوتم: دەرگا بکەوە، هاتووم بتبەم. ئەو و هاوژینەکەی بوون و منیان لەو ماڵە دەرهێنا، گوتی: زوو ئامادەبە کەس نەتبینێت؛ ترسیان لەسەربوو، 10-15 رۆژێک لای ئەو مامەوە و ئەو زوڵمەی لەوێ بەسەرم هاتووە بەسەری هیچ مرۆڤێک نەهاتووە، ژنەکە هەر شتێکی لەسەر من بزانیبا بە هاوژینەکەی دەگوت و بەردەوام کاری پێدەکردم و خزمەتیانم دەکرد و نەیدەهێشت هیچ بخۆم و بخۆمەوە، دوای ئەوە بەرگەی زوڵمەکەیم نەگرت و پێم گوت: سکاڵات لەسەر دەکەم.  پێی گوتم: چۆن سکاڵام لێدەکەیت، چی دەڵێی؟ پێم گوت: دەڵێم تۆش کاروباری خۆت کردووە، تاوەکو رابکەیت وەکو ئەبو ئەحمەد؛ ئەوەبوو پەلەی کرد و ئێوارەکەی منی فرۆشت بە کەسێکی دیکەی سووری هەر خێزاندار بوو، هەر لەو شارە، دەربارەی کوڕەکەشم هیچم نەزانی تاوەکو ساڵی 2018 کاتێک قاچاخچییەک وێنەکەی بۆ ناردم لە مەیادین بوو، پێی گوتم ئەمە کوڕەکەتە لە سەربازگە بوو ئەو نەبرابوو بۆ شەڕ، بەڵام کوڕە گەورەکەم بەشداریی شەڕی پێ کرابوو، ئەو بەهۆی هێرشی فڕۆکەوە هەردوو قاچەکانی لەدەستداوە و ئێستا لای منە".
 
شیرین باسی بەردەوامیی ژیانی ژێر دەستی خێزانی سێیەم دەکات و باس لەوە دەکات، زوڵم و دەستدرێژی لای هەموو ئەو کەسانە نەبووە، تەنیا ئەبو ئەحمەد و ئەبو عوبەیدە نەبن، دەشڵێت "کەسی سێیەم کاتێک منی کڕی، پێی گوتم: تۆ ئەمانەتی خوا و ئەمانەتی منی، تۆ وەک خوشکێک دەبینم. کەسی باشیان لەنێودا هەبوو، ئەوانە بوون کە زوڵمیان لێ کرابوو، بە زۆر لەگەڵیان بوون، زۆربەی ئەو چەکدارانەشی هاتبوون لە وڵاتانی دیکەوە لە سعودیەوە بوون، یەکێک لەوان ئەبو عوبەیدە بوو و خراپترین کەس بوو، دوای مانگێک مانەوەم لەگەڵ ئەو خێزانەش کە ساڵی 2017 بوو هێرشەکان بۆسەر مەیادین زۆر بوون، بۆردوومانی فڕۆکەکان زۆر بوون و بارودۆخ تێکچوو و خواردن نەما و داعش بەرەو کۆتایی دەچوو، هەندێک دەکوژران، هەندێک رایاندەکرد و چەکیان فڕێدەدا، چەکیان پێدام و گوتیان یەپەگە هات، سوپا هات، تۆش بەرگری لە خۆت بکە، لێت ناپرسن تۆ کێی و کێ نیت، یەکسەر دەتکوژن، بەڵام دەمزانی هەر نامکوژن".
 
رزگاربوون لە دەستی داعش
 
شیرین لەبارەی رزگاربوونی لەدەست چەکدارانی داعش دەڵێت، "لەنێو شاری مەیادین رامکرد پیاوێکی داعش لەگەڵم هات و لە چۆڵەوانییەک گەیشتینە خێزانێک، ئەوانەی مەڕ و ماڵات بەخێودەکەن، خۆمان کردە نێو ماڵەکەیان، نزیک سنوور بوو، ناوچەیەک بوو هێڵی پەیوەندیی عێراقی لەوێ باش بوو، بۆیە پێی گوتم، ئەگەر تۆ ژمارەی کەسێک دەزانیت پەیوەندی بە خێزانەکەتەوە بکە، کوڕە گەورەکەم کە نەکەوتبووە دەستی داعش، رۆژێک پێش ئێمە خۆی رزگارکردبوو، ژمارەی تەلەفۆنیم لەبەربوو، ژمارەیەک بوو سێ ساڵ بوو لەبیرم نەدەکرد، ئەبو ئەحمەد پێی دەگوتم تاوەکو ئەو ژمارەیە لەبیرنەکەیت نابیتە موسڵمان و منیش هەر پێم دەگوت لەبیری ناکەم، زوو زوو منی تاقیدەکردەوە، بۆئەوەی بزانێت هیچ ژمارەیەکم لایە تاوەکو پەیوەندی بە کەسەوە نەکەم، بۆیە ئەو ژمارەیەم هەر لەبەربوو، پەیوەندیم بە کوڕەکەمەوە کرد و پێی گوتم، تۆ دایکم نیت، چونکە بە عەرەبی قسەم دەکرد، لە نێو داعش فێری عەرەبی ببووم، کوڕەکەم پێی گوتم هیچ شتێک لە تۆ تێناگەم، لەبەر ئەوە قسەم لەگەڵ ئامۆژنی کرد و پێم گوت، من شیرینم و لە ناوچەیەکی ئارامم و رزگاردەبم، دوای ئەوە لەگەڵ عیزەت کە خزمێکی خۆمانە، قسەم کرد؛ دواتر لەگەڵ داعشییەکە رێککەوتن بە حەوت هەزار دۆلار بمداتەوە بە عیزەت، دوای ئەوەی پێم گوت کەسوکارم ناتوانن ئەو پارەیە دابینبکەن، زۆرە، ناڕۆم بەو شێوەیە، کەمیکردەوە بۆ چوار هەزار دۆلار و دواجار پێی گوتم، ناوم مەهێنە من لە هەموو شوێنێک بەدوای هەردوو کچەکەتدا دەگەڕێم و بۆت دەنێرم، دوای سێ رۆژ عیزەت و برایەکەم هاتن بۆ سووریا لەنێوان رەققە و مەنسوور منیان رادەست کردن".
 
شیرین ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەو داعشیە دەیویست لە رێی رزگارکردنی منەوە رزگار بێت و بچێت بۆ ئیدلب و تورکیا کە خێزان و منداڵەکانیشی ناردبوو بۆ رەققە، تاوەکو سێ مانگ پێش ئێستاش بە تەلەفۆن پەیوەندیمان هەبوو، ئەو لە تورکیایە، پێویستە هەموو ئەو داعشانەی کە ماون دادگایی بکرێن لەسەر ئەو هەموو زوڵمەی لە ئێمە و کچەکان و پیاوەکانی ئێمەیان کردووە و کوشتوویانن، هیچ کەسێک لەسەر ئەو تۆمەتبارانە لە ئێمەیان نەپرسییەوە، لە کاتێکدا هەموویان دەناسمەوە و جارێک لە چاوپێکەوتنێکیشدا لە هەولێر داوامکردبوو کە دەتوانم رەسمیشیان بکێشم بۆئەوەی بناسرێنەوە و دەستگیربکرێن، ئەگەر رۆژێک کەسێک ببینێت، بەڵام کەس بە قسەی ئێمەی نەکرد و تاوەکو ئێستا هیچیان بۆ نەکردین".
 
نەیانهێشتووە بە کوردی قسە بکەن
 
دەربارەی چارەنووسی هاوژین و منداڵەکانی ئەو ژنە رزگاربووە گوتی، "دوو لە کوڕەکانم ساڵی 2019 لە باغۆز، دوا شوێنی داعش، رزگارکران. دوای ئەوەی یەکێکیان لە شەڕدا بریندار ببوو، مانگێک لە هۆش خۆی چووبوو، یەپەگە رێککەوتنی لەگەڵیان کردبوو کە بریندارەکانیان رادەستبکرێن و دواتر هەموو بریندارەکانی خۆیان و ئێزدییەکانیان لەنێو نەخۆشخانە بەجێهێشت، بەو شێوەیە کوڕە بریندارەکەم لەلایەن یەپەگەوە رزگارکرا، بەڵام دواتر چونکە نەیوێرابوو خۆی بە ئێزدی بناسێنێت، سێ مانگ لای ئەوانیش لە گرتووخانەدا بوو، کوردیی لەبیرچووبوو، پێیان گوتبوو ئەگەر ئاشکرای نەکەیت خەڵکی کوێیت لەسێدارەت دەدەین. دوای ئەوەی جلوبەرگی رەنگ زەرد دەکەنە بەریان، دەڵێت ئێزدیم".
 
بە گوتەی ئەو ژنە، ئەوەی لەسەر زمانی کوردی بەسەریان هاتووە "بەسەر کەس نەهاتووە، کوڕەکەم تاوەکو ساڵێک دوای رزگارکردنیش نەیزانیوە بە کوردی قسە بکات، چونکە نەیاندەهێشت کەس بە کوردی قسە بکات و لە بیریان بردبووەوە، من و کچەکەم چەند جار ئەگەر لەنێو چێشتخانە قسەمان بە کوردی کردبا و پێیان زانیباین، لێیان دەداین و دەیانگوت چۆن دەبێت بە کوردی قسە بکەن و ئێمە نازانین چی دەڵێن، تاوەکو ئێمەیان فێری زمانی خۆیان کرد".

"ئەبو ئەحمەد کارەبای لێدام بۆ ئەوەی واز لە ئایینەکەم بێنم"
 
شیرین خەلەف باسی لەوە کرد، "هەرچەندە لەژێر دەستی داعشیش بووین، هەرگیز وازم لە ئایینەکەی خۆم نەهێناوە، کاتێک لە تەبقە بووین، رۆژێک من و کوڕەکەم لە سەربانی ماڵەکەمان بووین و دەمانشووشت، ئەوانیش لە خوارەوە بوون لە نێو ماڵدا، رۆژ ئاوابوو منیش هەستام دوعای خۆم کرد، کاتێک ئەبو ئەحمەد منی بینی چاوم لە نێو رۆژە و دوعای خۆم دەکەم، هات و کوڕەکەم لەپێش بوو، لێی پرسی دایکت رۆژ دەپەرستێت، کوڕەکەشم گوتی 'نا هیچم نەبینیوە'، یەکسەر لێیدا و بە لێدان لە سەربانەوە فڕەیدایە خوارەوە، ئەویش منداڵ بوو، بۆیە ئاشکرایکرد و پێ گوتن، دایکم رۆژ دەپەرستێت. هەستا وایەری هێنا و بە پاترییەکی گەورەی بارهەڵگرەکانەوە بەستی و کارەبای لە جەستەم دا و منیش راستییەکەم گوت و دواتر منی برد بۆ لەسێدارەدان و بانگی ئەمیرێکی کرد و پێی گوت، دەبێت ئەوە لەسێدارە بدەن، بەڵام لەجیاتی ئەوە لەنێو داروبەرد و خانوویەک کە بەر بۆردوومان کەوتبوو، بۆ ماوەی مانگێک برسی و تینو هێشتمیانەوە و کەس بەلامدا نەدەهات، تەنیا سێبەری دوو دیوار هەبوو، بەیانی دەچوومە بەر یەکێکیان و ئێوارە بەر یەکێکی دیکە. سێ رۆژ جارێک پارچە پەنیرێکی بچووک لەگەڵ پارچە نانێکی بچووک و کەمێک ئاویان بۆ دەهێنام، لەو کاتەدا چاوەڕوانی بڕیاری لەسێدارەدانم بووم و دوای مانگێک هاتن پێیان گوتم دەتبوورین، بەڵام هەستە خۆت بشۆ و باوەڕ بهێنە، یەک جاری دیکە ئەو هەڵەیە بکەیتەوە یەکسەر سەرت دەبڕین، دواتر بۆ چوار مانگی دیکەش منیان لە منداڵەکانم دابڕی و منیان برد بۆ گوندێک لە سوخنە و بە تەنیا لەنێو ماڵێکی وێراندا بەجێیانهێشتم".
 
"کچەکەم حەوت مانگ بوو، لەناو سەتڵی ئاوی ساردیان دادەنا"

ئەو ئافرەتە کوردە ئێزدییە بەردەوامە لە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی لە رفاندن و رزگاربوونی لەدەست چەکدارانی داعش و دەڵێت، "ئەو ئەشکەنجەیەی کە کچەکەم دەیبینی، تەمەنی حەوت مانگ بوو، کەس نەی بینیوە، کاتێک دەیانبینی بۆم دەگریێ، بۆ شیری دایکی دەگریێ، ئەشکەنجەیان دەدا، لە زستاندا سەتڵی ئاوی ساردیان دەهێنا و بۆ کاژێرێک لەنێو ئەو ئاوە بەفراویەدا دایاندەنا و نەمدەوێرا بڵێم بۆ وادەکەن، هەمان شتیان بەسەر منیش دەهێنا، ئەبو ئەحمەد گەزەی لە قاچ و دەستی کچەکەم دەگرت و پێستی لەشی لێدەکردەوە، ئەمە لە کام دیندا دەبووردرێت، هەندێک جار تاوەکو ئێوارە بە تەنیا دەکرایە نێو ژوورێک و وەکو پشیلەیەک خۆی لەبن دیواردا دەکرد و نەمدەوێرا بڕۆم جلەکەشی بکەمەبەر. بە چەک لە پشت و بن پێیەکانی کچە گەورەکەم دەدرا، شەو کە هەموو خەوتبان بە دزییەوە دەهات دەیگوت، دایە هەستە هەندێک رۆن لە لەشم بدە تاوەکو بتوانم لەسەری بخەوم".
 
"بۆ رزگارکردنی هەر یەکێک لە کچەکانم، داوای سێ هەزار دۆلاریان کردووە"
 
شیرین خەلەف لەبارەی هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنی دوو کچەکەی باس لەوە دەکات، "کەسێکی عەرەب لەنێو کەمپی هۆل داوایلێکردووم بۆ رزگارکرنی هەریەک لە کچەکانم سێ هەزار دۆلار بدەم، رزگاریان دەکات، بەڵام دواتر هیچ دەنگی نەما، ئەگەرنا من تواناشم نییە و پشتگیریی کەسم نییە و لەسەر ئەوەش ئامادەم سواڵ بکەم بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارەیە، قبووڵ ناکرێت ئێمەش بڕۆین بۆ کەمپەکە بەدوایاندا بگەڕێین".

ئەو ژنە گوتیشی، "کوڕە بچووکەکەم تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، نزیکەی ساڵێک زۆر پێوەی ماندوو بووم تاوەکو فێری ژیانی پێشتری خۆمان و دین و پەیڤی کوردیمان کرد و جاری وا هەبوو بە شەوان وەکو شێت لەنێو کەمپدا دەگەڕا و منیش 3 بۆ 4 کاژێر بەدوایدا دەگەڕام تاوەکو دەمدۆزییەوە، بەڵام ئێستا زۆر باشترە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە