رووداو دیجیتاڵ
هەڤپەیڤینی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تاوەکو دێت کاردانەوەی زیاتری دەبێت. لەو بەشەیدا کە باسی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان دەکات و "ن. م." ناوێک تۆمەتبار دەکات، کوڕی شەوکەتی حاجی موشیر دەڵێت، " 'ن. م.' نەبووە و باوکم لە یادەوەرییەکانیدا نووسیویەتی مەحموود سەنگاوی ئەو کارەی کردووە بە 400 کیلۆ تەقەمەنی".
ئالان شەوکەت موشیر، کوڕی شەوکەتی حاجی موشیر لەبارەی رووداوی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان و ئەو کەسانەی بەشداربوونە تێیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرچەند مەبەستی دیدارەکەی مەلا بەختیار زیاتر سەرنج خستنە سەر ململانێکانی خۆیان بوو بەتایبەت لەگەڵ رەحمەتی کاک نەوشیروان مستەفای سکرتێری کۆمەڵە لەسەر دەسەڵات و شێوازی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی ئەو رێکخراوە بە درێژایی مێژوویان، بەڵام من بەپێویستم زانی روونکردنەوەیەک لەبارەی رووداوی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان بدەم و ئەو راستییە وەک خۆی بۆ خەڵک روونبکەمەوە".
ئالان شەوکەت موشیر دەڵێت: "مەبەستمە تەنیا لەسەر ئەم بەشەی کەباسی باوکی شەهیدم دەکات راستییەکان بخەمەڕوو و بەڵگەکانیش بڵاوبکەمەوە. چونکە مەبەستی کاک بەختیار لە 'ش.ح.م.' باوکی شەهیدمە 'شەوکەت حاجی موشیر' و هەروەها لە 'ن. م.' حەتمەن کاک نەوشیروان مستەفای رەحمەتییە".
ئالان شەوکەت موشیر لەبارەی یەکێتیشەوە دەڵێت:" دۆخەکە گەیشتووە بەو ئاستەی تەنیا نەوەی شەهیدەکان خۆمان خاوەنی راستەقینەی شەهیدەکانمانین و حیزب هیچ بە گرنگی نازانێت بەرگری لە مێژووی پڕ سەروەری یەکێتییە مەزنەکەی جاران و شەهیدە قارەمانەکانی بکات، جگە لە دەستەبژێرێکی کەم کە جێی پەسەندی خۆیانن. یەکێتی ئەمڕۆش خووی لایەنەکانی تریان گرتووە و هەموو کەرەستە و خەرجی و دەسەڵاتی حیزبەکە تەنیا خراوەتە خزمەتی پارێزگاریکردن لە دەستەبژێرێکی سەرەوەی حیزب و پیاهەڵدان بەواندا. لایەنگرە تازەکانیشیان بۆ دەستکەوت هەموو بەو ئاراستە گۆشکراون و دەجووڵێن، چما بوختان و ناڕەوایەتییەکان لە پێگەی باڵای ناو حیزبەکە خۆیەوە بێت، لە کاتێکدا لایەنی تر خیانەتەکانی خۆیان بەرامبەر بە گەل بەردەوام وەک سەروەری و زەرورەت دەچوێنن لە زیهنی میللەتەکەدا ".
هەروەها ئالان شەوکەت موشیر لەبارەی ئاگاداری مەلا بەختیار لە رووداوەکان ئاماژەبەوەدەکات، کاتێک دەڵێت من ئەو کات هەر یەکێتی نەبووم و ئاڵای شۆڕش بووم و لەوێ نەبووم. "ئەمە یانی کاک بەختیار نە لەناو پرۆسەی بڕیاردان لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەماندا بووە و نە لە رزگارکردنی شارەکان و ناوچەکاندا بەشداربووە و بە هیچ شێوەیەک لە ناو رووداوەکاندا نەبووە و دووربووە لێیەوە و شتەکانی وەک هەر کەسێکی دوور لە رووداوەکان بیستووەتەوە. لە زانستی یاسایشدا 'وتی وتی' و 'وا دەڵێن' هیچ کات بە سەلمێنەری رووداوێک وەرناگیرێت و وەک بەڵگەیش قبوڵکراو نییە".
ئالان شەوکەت موشیر ئەوەشدەخاتەڕوو، کە مەلا بەختیار وەک ئەوەی هەنگوینی دۆزیبێتەوە و بیەوێت خۆی بۆ یەکەمجار کەشفی بکات بۆ رای گشتی بەو شێوازە باسی رووداوەکە دەکات و چەند جارێک دەڵێت، "ناوم نەهێناوە، ناوی کەسم نەهێناوە، خۆم ئەزانم کێ بووە، کێ رۆیشتووە، مەفرەزەکە کێ بوو، هەمووی ئەزانم، ناوی کەسم نەهێناوە.17 ساڵ لەمەوبەر و بە دەقیقی چەند هەفتەیەک پێش پرۆسەی ئازادی عێراق لە 2003 شەهید شەوکەت کتێبی "چیوەرۆ ـ دەروازەیەک بەرەو کەرکووک ـ ئەوەی دیومە لە راپەڕینی 1991 دا" بڵاوکردەوە و وەک کارەکتەری سەرەکی ئەو کارە هەموو ئەم رووداوەی بە وردی لە چەند لاپەڕەیەکدا باس کردووە و ناوی کەسەکانیشی هێناوە، ئیتر چی پێویست بەوە دەکات" .
ئالان شەوکەت موشیر دەشڵێت: "ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە باوکم بە هیچ شێوەیەک ناوی کاک نەوشیروانی رەحمەتی نەهێناوە لەو رووداوەدا، بەڵکو نووسیویەتی نامەکە و پیکابە تەقەمەنییەکە لە لایەن کاک 'فەرەیدوون عەبدولقادر'ەوە نێردراوە و نووسیویەتی ئەمە بڕیاری "بەرەی کوردستانییە" کە گشت حیزبە بەشداربووەکانی کوردی گرتووەتەوە، کەم تا زۆر هەموو بەشداربوون لە پرۆسەی راپەڕیندا! باوکم هەروەها دەڵێت کاک مەحموود سەنگاوی راسپێردراوە و تەقینەوەکەی ئەنجامداوە. نە ناوی کاک فەرەیدوون و نە ناوی بەرەی کوردستانی و نە ناوی کاک مەحموود سەنگاوی بە 'ن.م.' دەست پێناکەن".
هەروەها لەبارەی بڕی ئەو تەقەمەنییەی بەکارهاتووە ئالان شەوکەت لە وەڵامی مەلابەختیاردا دەڵێت: "جەنابت دەڵێیت چەندین تۆن بە فەرمانی "ن.م." نەوشیروان مستەفا نێردرا بە هێزێکدا بە سەرپەرشتی "ش. ح. م." شەوکەتی حاجی موشیر بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان. کە تەقێنرایەوە تەنیا دوو تۆڕبین تێکچوون و بەنداوەکە نەرووخا، شەهید شەوکەت لە کتێبەکەیدا بە هیچ شێوەیەک باسی چەندین تۆنی نەکردووە، بەڵکو بە روونی نووسیویەتی ٤٠٠ کیلۆ، کە نیو تۆنیش ناکات".
رووداو پەیوەندیی بە مەحموود سەنگاویییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەو بارەوە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ