فڕۆکەکانى تورکیا گوندەکانی سنووری ئامێدى و دێرەلووک بۆردوومان دەکەن

رووداو-دهۆک

گوندەکانی گرگاشێ و سپیندار لە سنوورى بەرێگاری لە دێرەلووک و ئامێدێ، لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومانکران و بوونەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ناوچەکە.


فایەق بەلاڤەى دانیشتووى ئەو ناوچەیە بە رووداوی راگەیاند: "لەکاژێر 09:30 ئەمڕۆ 16ـی ئەیلولی2019 فڕۆکەکانى تورکیا بۆردوومانی ناوچەکەیان کردووە و دەنگى فڕوکە و بۆردوومانەکان ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ خەڵکى گوندەکانى ئەم ناوچەیە دروستکردووە".

سامى ئوشانە، بەڕێوەبەرى شارۆچکەی دێرەلووک بە رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەکان دووجار گەلى بزنێ ـیان بۆردوومانکردووە، هیچ زیانێکى گیانى نەبووە، بەڵام دەنگى بۆردوودمان ترسى بو خەڵکى ناوچەکە دروستکردووە".

بۆردوومانەکە لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش بەردەوام بوو، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە فایەق بەڵاڤەیی بۆ رووداوی ناردووە، بۆردوومانکردنی گوندەکەیان لەلایەن فڕۆکەوە دەردەکەوێت. 

ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ "لە کاژێر 02:45ـی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا گوندی بەڵاڤە و گوهەرزێیان لە سنووری دێرەلووک بۆردوومان کرد و  هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".