هێشتا ناسنامەی رووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە ئاشکرانەکراوە
رووداو - هەولێر
171 رووفاتی ئەنفالکراوانی کوردستان لە بیابانەکانی سەماوە لە گۆڕێکدا دۆزرانەوە و تاوەکو ئێستاش ناسنامەکانیان ئاشکرانەکراوە. بڕیاریشە بۆ ئەومەبەستە لە دووی مانگی داهاتوو نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان لە گەرمیان وەربگیرێت.
هاونیشتمانییانی گەرمیانیش داوا دەکەن پەلە بکرێت لە وەرگرتنی خوێنی کەسوکاریان بۆ ئەوەی بە زووترین کات رووفاتەکان بناسرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە بۆ کوردستان.
رووداو چووەتە گوندەکانی كوڵه‌جۆی حاجی حه‌مه‌جان و مله سورەی گەرمیان، زۆربه‌ی ئه‌نفالكراوه‌كانی گونده‌كانی گه‌رمیان لەو دوو گونده‌دا كۆبوونهتەوە، لەو گوندانە ماڵێك نییه له كه‌سێك زیاتری ئه‌نفال نه‌كرابێت، ئه‌وان ئومێدیان له‌سه‌ر رووفاتی نێو گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه‌ی سه‌ماوه هه‌ڵچنیوه، داواش ده‌كه‌ن حكومەت نموونەی خوێنیان لێوه‌ربگرێت.
لە دوای ساڵی 2003 لە نۆ قۆناخ‌دا دوو هەزار و 271 رووفات گەڕێندرانەوە بۆ کوردستان و چاوەڕێشدەکرێت دوای ناسینەوەی 171 رووفاتەکەی نوگرە سەلمان لە قۆناخی 10ـەمدا بگەڕێندرێنەوە کوردستان.
وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانیش له پلانی چوارساڵی داهاتوویاندا ده‌یانه‌وێت كاربكه‌ن بۆ ناسینه‌وه‌ی رووفاته‌كان.
پرۆسه‌ی ئه‌نفال له 23ـی شووبات تاوەکو 6ـی ئه‌یلوولی ساڵی 1988ـی خایاند، 182 هه‌زار كورد راپێچی چاڵه‌كانی مهرگكران له بیابانه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، جگه له‌وه‌ش نزیكه‌ی چوار هەزار گوند، چوار قه‌زا و 30 شارۆچکە و سێ هەزار و 100 مزگه‌وت لەگەڵ 100 كڵێسا خاپوور كران، نزیكه‌ی دوو ملیۆن سه‌ر مه‌ڕ و ماڵات و ئاژه‌ڵیش به‌تاڵان بران.