ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان کوژرانی ئەبوو عەبدوڵڵا پشتڕاستدەكاتەوە

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، کوژرانی ئەبوو عەبدوڵڵا،  بەرپرسی سەربازیی ویلایەتی مووسڵی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لە ناوچەی خازر پشتڕاستدەكاتەوە. ئەبوو عەبدوڵڵا بەرپرسی یەکەمی رفاندنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی و شوێنبزرکردنیان بووە.

رۆژی سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2014، تۆڕی میدیایی رووداو بە پشتبەستن بە زانیاری  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە، هەواڵی كوژرانی ئەبوو عەبدوڵڵا و ژمارەیەك چەكداری داعشی  لە هێرشێكی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر ناوچەی خازر بڵاوكردەوە. ئەبوو عەبدوڵڵا ناوی تەوای (یاسین عەلی سلێمان شلاش)ە، خەڵکی مووسڵە و لە دایکبووی ساڵی 1974 ە، دەرچووی بەشی عەرەبی كۆلێژی ئاداب بووە و ماوەیەک مامۆستا بووە.

وەك لە روونكردنەوەكەدا ئاماژی بۆ كراوە، "ئەبوو عەبدوڵڵا لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستی تەوحید و جیهاد کردووە و نازناوی حەجی تارقی هەبووە. لە ساڵی 2006 بەیعەتی داوەتە رێکخروای قاعیدە و کەسێکی نزیکی زەرقاوی بووە"، لە نێو قاعیدە بە (ئەبوو سومەیە) دەناسرایەوە. لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، "لە ساڵی 2007 ئەم تیرۆریستە سەرپەرشت و پلاندانەری سەرەکیی تەقینەوەی رێکكەوتی 9/5/2007 ی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر بووە".

ئەبوو عەبدوڵڵا لە ساڵی 2010 لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنی عێراقی کراوە، پاش دادگاییكردنیشی بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراوە و رەوانەی زیندانی ئەبوو غرێب کراوە. لە ساڵی 2013 لە کرداری شکاندنی زیندانی ئەبوو غرێبدا لە گەل ژمارەیەک تیرۆریست بەرەو سووریا رایکردووە و لە هەمان ساڵدا پەیوەندی بە گرووپی داعش کردووە، لە نێو داعش بە ئەبوو عەبدوڵڵا دەناسرا.

لە روونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە، "ناوبراو بەرپرسی گشتیی سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بووە. لە چەند مانگی رابردوودا سەرپەرشتی هەموو کردارە سەربازییەکانی سنووری نەینەوای کردووە و بەرپرسی یەکەمی کرداری رفاندنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی و شوێن بزرکردنیان بووە". ئەبوو عەبدووڵا رۆژی سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2014، لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی گوندیحەسەن شام و دەورووبەری کە بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە و هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا ئەنجامدرا، لە گەل ژمارەیەک چەكداری دیكەی داعش كوژرا.


دەقی روونكردنەوەكە:

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کوژرانی بەرپرسی سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان پشتڕاست دەکاتەوە

ئەنجومەنی ئاسایش پشتراستی دەکاتەوە کە گەورە تیرۆریست (ئەبو عەبدوللا) بەرپرسی سەربازیی ویلایەتی موسڵی تیرۆریستان ئەمرۆ لە ناوچەی خازر کوژراوە. تیرۆریست ئەبو عەبدوللا ناوی تەوای (یاسین عەلی سلێمان شلاش)ە و خەلکی موصلە و لە دایکبووی سالی ١٩٧٤ و دەرچووی کۆلێجی ئاداب بەشی عەرەبی بووە و ماوەیەک مامۆستا بووە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠٠٣ پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستی تەوحید و جیهاد کردبوو و نازناوی حەجی تارقی هەبوو. لە ساڵی ٢٠٠٦ ناوبراو بەیعەتی دایە رێکخروای قاعیدە و کەسێکی نزیکی زەرقاوی بوو و بە ئەبوو سومەیە دەناسرا . لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەم تیرۆریستە سەرپەرشت و پلاندانەری سەرەکیی تەقینەوەی رێکەوتی ٩/٥/٢٠٠٧ی بەردەم وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر بوو. لە سالێ ٢٠١٠ ناوبراو لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا دەستگیر کرا و رادەستی لایەنی عێراقی کرا و بە هەتاهەتایی حوکم درا و رەوانەی زیندانی ئەبو غرێب کرا. لە ساڵی ٢٠١٣ لە کرداری شکاندنی زیندانی ئەبو غرێبدا لە گەل ژمارەیەک تیرۆریست بەرەو سوریا ڕای کرد و لە هەمان ساڵ پەیوەندی بە داعش کرد و لە ناو ئەم گروپەدا بە ئەبو عەبدوللا دەناسرا. ناوبراو بەرپرسی گشتیی سەربازیی ویلایەتی نەینەوای تیرۆریستان بوو. لە چەند مانگی رابردوودا سەرپەرشتی هەموو کردارە سەربازییەکانی سنووری نەینەوای کردووە. ناوبراو بەرپرسی یەکەمی کرداری رفاندنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی و شوێن بزرکردنیان بووە.

ئەم تیرۆریستە ئەمرۆ لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی حەسەن شام و دەورووبەری کە بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە و هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا ئەنجام درا لە گەل ژمارەیەک تیرۆریستی تری هاورێی کوژرا بە سزای خۆی گەیشت.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
١٦/٩/٢٠١٤