هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازەی مێهرانەوە 900 هەزار کەسی تێپەڕاند

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پاریزگاری ئیلام دەڵێت، لە 6ـی ئابەوە تائێستا زیاتر لە 900 هەزار زیارەتکاری شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هاتووچۆیان کردووە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 16-08-2024، حەسەن بەهرامنیا، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە 6ـی ئابەوە زیاتر لە 900 هەزار زیارەتکاری ئێرانی و بیانی بە دەروازەی سنووریی مێهرانی سەر بە پارێزگاکەدا هاتووچۆیان کردووە. 
 
حەسەن بەهرامنیا گوتی، ساڵانە زۆرترین زیارەتکارانی ئێرانیی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، بە دەروازەی سنووریی مێهراندا هاتووچۆ دەکەن، گوتیشی، زۆربەی زیارەتکارانی بیانیش ئەم دەروازەیە بۆ هاتووچۆ هەڵدەبژێرن.
 
هاوکات زاهدین چێشمەخاوەر، بەڕێوەوبەری گشتیی رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای ئیلام ئاماژەی بەوە کرد، لەو ژمارەیە زیارەتکارە، نزیکەی 150 هەزاریان لە شوێنە پیرۆزەکانی عێراقەوە گەڕاونەتەوە ئێران کە شەش هەزار و 326ـیان زیارەتکارانی بیانین.
 
چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هاتووچۆی زیارەتکاران بە دەروازەی سنووریی مێهراندا زۆر زیاتر بێت. پێشتر پارێزگاری ئیلام لەوبارەوە گوتبووی، بڕیارە وێستگەکانی تەواوکردنی مامەڵەی زیارەتکاران بۆ تێپەڕین لە دەروازەکە زیاتر بکرێن، بۆ ئەوەی پڕۆسەی هاتووچۆیان خێراتر بکرێت.
 
دەروازەی سنووریی مێهران لە پارێزگای ئیلامە و یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان ئێران و عێراق بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە بەهۆی نزیکیی زیاتری لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق، ساڵانە زۆرترین زیارەتکار هاتووچۆی پێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە