لە کەرکووک رۆژانە 1200 تۆن زبڵ و خاشاک هەیە و 200 تۆنی کۆناکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک رایگەیاند رۆژانە هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاک لە پارێزگای کەرکووک هەیە و تەنیا هەزار تۆنی کۆدەکرێتەوە. تەرخاننەکردنی پارەی پێویست بە هۆکاری کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە شارەکە دەزانێت، دەشڵێت پلانیان بۆ خاوێنکردنەوەی شارەکە هەیە.
ئەحمەد عومەر، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سبەی شەممەوە هەڵمەتی پاککردنەوەی شاری کەرکووک لە زبڵ و خاشاک چڕتر دەکرێتەوە و هەوڵدەدرێت کەرکووک خاوێنتر بێت لە پێشوو."
سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک گوتی: "رۆژانە لە کەرکووک 1200 تۆن زبڵ و خاشاک هەیە، لەو بڕە هەزار تۆنیان لێ کۆدەکرێتەوە، 200 تۆنیش دەمێنێتەوە".
ئەحمەد عومەر، هۆکاری سەرەکی کۆنەکردنەوەی سەرجەم زبڵ و خاشاکی کەرکووک بۆ تەرخاننەکردنی پارە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "پێشتریش ئەو کێشەیەمان هەبووە، پلانیشمان بۆی هەبووە و داومانەتە پارێزگار، بەڵام پارەی پێویست تەرخاننەکراوە."
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک دوو کۆمپانیا شاری کەرکووک پاکدەکەنەوە، بە هەردووکیانەوە 560 کرێکاریان هەیە، ئەو دەڵێت: "بەپێی ئەو مۆڵەتەی پارێزگاری کەرکووک بۆ کۆمپانیاکانی دیاریکردووە، دەبێت لەو دوو هەفتەیە زبڵ و خاشاکی کەرکووک کۆبکرێتەوە و شارەکە خاوێندەکرێتەوە، بۆیە لە رۆژی شەممەوە دەست بە کارەکان دەکرێت."
نەبوونی کارگەی ریسایکلین یەکێکی دیکەیە لەو کێشانەی لە شارەکەدا هەیە، بڕیاربوو چەند کۆمپانیایەک ئەو کارە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک دەڵێت: "بۆ خاوێنکردنەوەی شارەکە لە زبڵ و خاشاک پێویستمان بە هاوکاری و پشتیوانی پارێزگا و دامەزراوەکان دەبێت، راستە لە رۆژی شەممەوە رەنگە ئامێر و کرێکاری زیاتر کاربکەن، بەڵام لە کۆتاییدا کێشەی سەرەکی نەبوونی تەرخانکراوی دارایی پێویستە بۆ خاوێنکردنەوەی تەواوی شارەکە." گوتیشی ئەو مۆڵەتەی لەلایەن پارێزگارەوە دراوە بۆ خاوێنکردنەوەی شارەکە بۆ کۆمپانیاکانە کە ئەگەر کارەکان باش نەکەن، ئەوان مۆڵەتەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتە بە کۆمپانیای دیکە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئاب، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی کەرکووک و دامەزراوەکان و کۆمپانیاکان کۆبووەوە و مۆڵەتی دوو هەفتەی پێدان بۆ پاککردنەوەی شەقام و گهڕهكهكانی شارەکە.