پشتیوان سادق: پارتی لەپێناو دروستبوونی ئەمڕۆ بەردەوام خەباتی کرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت. بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێری ئەو حیزبە دەڵێت، "پارتی بەردەوام خەباتی کردووە و سازشی لە دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان نەکردووە."
رۆژی هەینی 16-08-2024 ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێر ئاهەنگێکی بەو بۆنەیەوە لە هەولێر سازکرد.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێر لە ئاهەنگەکەدا گوتی، "پارتی لەپێناو دروستبوونی ئەمڕۆ، ساتێک نەوەستا و بەردەوام خەباتی کرد و سازشی لەسەر دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان نەکرد. پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی خاوەن ئەزموونی کەڵەکەبووی خەباتی سەدان ساڵەی دیپلۆماسی، ململانێی سیاسی و شاخ و شارە."
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی ئەوەشی گوت، پارتی لەسەر دەستی مەلا مستەفا بارزانی دامەزرا؛ "ئەو کەسە کەموێنەیە لە ساتە زۆر سەخت و دژوارەکاندا کوردی بە جیهان ناساند. بارزانیی نەمر لەنێو دڵی ملیۆنان کورد رەگی خۆی داکوتیوە."
پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە دا کە پارتی دیموکراتی کوردستان بناخەی سەرەکیی دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئەوەش وایکردووە وەکو "دەوڵەتێک سەیری هەرێمی کوردستان بکرێت، نەوەک وەک هەرێمێک."
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی گوتی، "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین، کەموکوڕییەکان چارەسەر دەکەین و دەستکەوتەکان گەورەتر دەکەین."
پشتیوان سادق ئاماژەی بە پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەو پێکەوەژیانە لە مەنهەجی پارتی و کولتووری خەڵکی کوردستاندا هەبووە و هەیە، پێویستە هەموومان بیپارێزین. لە دەرەوە، ئەو پێکەوەژیانە یەکێکە لە شانازییە زۆر گەورەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، جگە لە خۆبەختکردن، یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەو پێکەوەژیانەیە کە هەیە."