چاودێریی دارایی عێراق لیژنەیەک بۆ وردبینی لە داهاتەکان دەنێرێتە هەرێمی کوردستان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن وەزارەتی دارایی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لیژنەیەکی 15 کەسیی بۆ وردبینی لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت، پەرلەمانتارێک دەڵێت: تێبینیی لەسەر کەمیی ئەو داهاتە نانەوتییانە هەیە، کە هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای دەنێرێت.
 
بەپێی نووسراوێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، کە لەلایەن سەرۆکی دیوان بە وەکالەت رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئەم مانگە واژۆکراوە، لیژنەیەکی 15 کەسی بۆ وردبینی و لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەی دووی مادەی 12ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023، 2024 و2025 پێکهێنراو و رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئاب بە نووسراوێک پێکهێنانی لێژنەکە و وردەکارییەکەی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەکە وردبینی لە لیستی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە نەوتی و نانەوتی دەکات، نەک لیستی مووچە."
 
سەبارەت بو مووچەی مانگی تەمموزی 2024ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە تائێستا نەنێردراوە، جەمال کۆچەر گوتی: "دەبووایە کۆتایی ئەم هەفتەیە بنێردرێت، بەڵام بەهۆی وردبینییەوە بەتایبەت وردبینیی هێزە ئەمنییەکان دواکەتووە، بەپێی وەزیری دارایی وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی کێشەی نەماوە، بۆیە سەرەتای هەفتەی داهاتوو چاوەڕوان دەکرێت مووچە بنێردرێت."

 

بڕگەی دووەمی مادەی 12ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق 2023، 2024 و 2025، لە شەش خاڵ پێکدێت، ئەوانیش:
 
1- رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق"سۆمۆ.
2- بەکارهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ نێوخۆ، ئەگەر هەناردە نەکرا.
3- تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان.
4- حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکانی رادەست بکات و لەلایەن دیوانی چاودێریی حکومەتی فیدڕاڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی بکرێن.
5- حکومەتی عێراق پابەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی بە پشتبەستن بەو چوار خاڵەی سەرەوە بنێرێت، دوای پاکتاوکردنی تایبەت بە ماف و پابەندیی نەوتی و نانەوتیی هەردوولا، ئەویش دوای وردبینیی لەلایەن هەردوو دیوانی چاودێریی داراییەوە.
6- قەرزەکانی بانکی TBI لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ساڵدا پاکتاو بکرێت و مانگانە لە پشکی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت.

 

سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان کێشەی تێدایە، هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوشاری کردووە بۆ ئەوەی بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی مووچە بنێردرێت، بەڵام وەزیری دارایی دەڵێت، هێشتا کێشەکانی مانگی رابردوو چارەسەر نەکراون."
 
گوتیشی: "دیوانی چاودێریی دارایی لەبارەی داهاتەکانیشیەوە تێبینی هەیە و پێیوایە ئەو داهاتانەی هەرێمی کوردستان بەناوی داهاتی نانەوتییەوە رەوانەی دەکات کەمترە لە ژمارە راستییەکە، بۆیە تێبینییەکان لەسەر لیستی مووچە و داهاتەکانیش هەیە."
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق پارەى مووچەى مانگى تەممووزى هەرێمى کوردستانى نەناردووە، کە بڕەکەى زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
 
رۆژی سێشەممە، 13ـی ئابی 2024، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ژمارەیەک پرس میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی کرد. ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوە لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی، پرسیارمان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، بەڕێز تەیف سامی گوتی، وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، لەم دوو رۆژەدا دەست بە ناردنی مووچەی مانگی تەممووز دەکرێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زیارەتکاران لە کەربەلا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

هاتووچۆی زیارەتکاران لە دەروازەی مێهرانەوە 900 هەزار کەسی تێپەڕاند

ئەمڕۆ هەینی، 16-08-2024، حەسەن بەهرامنیا، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، لە 6ـی ئابەوە زیاتر لە 900 هەزار زیارەتکاری ئێرانی و بیانی بە دەروازەی سنووریی مێهرانی سەر بە پارێزگاکەدا هاتووچۆیان کردووە.