باڵیۆزی ئەمریکا: زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارمان بۆ هاوکاریی ئێزدییەکان تەرخانکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ماوەی کەمتر لە شەش ساڵدا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریی کوردانی ئێزدی و رزگاربووانی دەستی داعش تەرخانکردووە.
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: "لە ساڵی 2018ـەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیکردن لە ئێزدییەکان و رزگاربووانی دەستی داعش پێشکێشکردووە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی فرەیی ئاینی و رەچەڵەک لە عێراق، هەوڵێکیشە بۆ یارمەتیدانی ئەو کۆمەڵگانە بۆ باشبوونەوە و خۆبونیادنانەوە." 
 
بەپێی ئەو لینکەی باڵیۆزی ئەمریکا بۆ دەستخستنی زانیاریی زیاتر دایناوە، ئەو هاوکارییانە خۆیان لە بونیاندنانەوەی ژێرخان، دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی، دۆکیۆمێنتکردنی مەدەنی، پارێزگاری و ئاسانکردنی گەشەپێدانی تواناکان، دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ یارمەتیدانی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی رزگاربوو لە دەستی داعش، دەبیننەوە.
 
ئەمریکا 60 پرۆژەی بۆ ژێرخان لە شنگال بە بەهای 12 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار جێبەجێ کردووە، کە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و وێستگەکانی ئاو و سەنتەری رۆشنبیری و هی دیکە دەگرێتەوە، 66 پڕۆژە و چالاکیشی بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی گشتی لە شنگال هەبووە، جگە لە پشتیوانیکردنی 90 قوتابخانە و 32 بنکەی تەندروستی و فەرمانگەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، کشتوکاڵ و دێکیۆمێنتکردن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی.
 
جگە لەوە 21 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ ژیان و نیشتەجێکردن و خزمەتگوزارییەکانی پتەویی کۆمەڵایەتی و باشبوونی ئێزدییەکان تەرخانکردووە.
 
12 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار و 105 چالاکیی لەگەڵ 47 هاوبەشی نێوخۆیی لە شنگال کردووە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەقامگیری و تێکەڵبوونەوە.
 
تەنیا لەم ساڵیشدا ئەمریکا 114 ملیۆن دۆلار بۆ سەدان هەزار عێراقیی ئاوارە و بێ پشتوپەنا پێشکێش دەکات.
 
لە لینکەکەدا ناردنی قوتابیانی ئێزدی بۆ پرۆگرامەکانی کولتووری، فێرکردن و وەرگرتنی شارەزایی و پارەدارکردنی کردنەوەی مۆنیومێنتی جینۆسایدی ئێزدییەکانیش هەیە.
 
جگە لەوە، ئەمریکا دوو ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش لە شێخان خەرجکردووە.