پارتی لە 78 ساڵەی دامەزراندنیدا داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت و مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە دەڵێت، ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە، هەروەها پتەوی ریزەکانی نێوخۆی حیزبەکە وایکردووە ئەھلی پڕکێشییە سەخت و دژوارەکان بێت. 
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادی ھزرێک، رێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێهاوتا بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد.. ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان."
 
پارتی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "سڵاو بۆ ئەندازیاری ئاشتەوایی کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد."
 
پەیامی حیزبەکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە 20ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت ئەوەیە کە "بە بایەخەوە" لێی دەڕوانن و هاوکارن بۆ "سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن."
 
بۆ بەدەستهێنانی ئەو دۆخەش، پارتی دەڵێت، "پێویستی بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندووە."
 
16ـی ئابی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، سه‌ره‌تا ناوی "پارتی دیموكراتی كورد" بوو، دواتر له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا له‌ شاری كه‌ركووك بڕیاردرا ناوی بكرێته‌ "پارتی دیموكراتی كوردستان". یەکەم سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی بوو، دواتر مەسعود بارزانی بووەتە دووەم سەرۆکی ئەو حیزبە. 
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی گوتووە کە حیزبەکەیان "لە روانگەی بەخەمەوەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ھاوبەشی، سازان، ھاوسەنگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناخەی پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاجیاکانی عێراقی فیدراڵ."
 
دەقی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان
 
خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان  
 
پێشمەرگە قارەمانەکان 
 
ئەمڕۆ حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە شازدەی ئابی ساڵی ١٩٤٦، لە نێو تاریکایی زوڵم و ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەریی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادیی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا، لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوت گەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.
 
یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادی ھزرێک، ڕێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتووی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.
 
ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستان
 
ھەڤاڵان و جەماوەری ھێژای پارتیمان
 
زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەکداریی و سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا و ھەروەھا لە شۆڕشەکانی ئەیلوولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ـدا و، ھەموو ئەو دەستکەوتانەی لەو کاروانە نەپساوەدا بەدیھاتوون، گەواھیدەری ئەوەن، کە پارتی ھێزێک و ڕێکخستنێک و بزووتنەوەیەکی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێکڕای چین و توێژ و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی کوردستان، ھەروەھا بە گیانی کوردایەتی و کوردستانی و کولتووری دایالۆگ و برایەتی و پێکەوەژیان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پارچەکانی دیکەی کوردستان کاری کردووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەمان و دابینکردنی مافەکانمان.
 
ئەمڕۆ کە یادی شکۆداری ١٦ی ئابە، گەلەکەمان قۆناغگەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت. پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و  ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێزتر کردووە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت.
 
کوردستانییانی ھێژا
 
لە یادی ١٦ی ئابدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیرتر ھەنگاو دەنێین بۆ بەھێزترکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسیی ھەرێم، بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت، ھەڵبژاردنێک کە پارتیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بێت و، بتوانێت سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببات، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندووە.
 
ھاووڵاتیانی خۆشەویست
 
پارتیمان، لە ڕوانگەی بەخەمەوەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ھاوبەشی، سازان، ھاوسەنگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناغەی پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاجیاکانی عێراقی فیدراڵ.
 
لەسەر ئاستی ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و، ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاساییشی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت.
 
لەو یادە پڕ شکۆیەدا، بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسیی و کوولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
 
لەم یادە پڕ مانا و پیرۆزەدا:
 
ـ سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر).
 
ـ سڵاو بۆ ئەندازیاری ئاشتەوایی کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد).
 
ـ سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.
 
لە یادی ١٦ی ئابدا بەڵێن بۆ گیانی پاکی شەھیدان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان بین، کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەسکەوتانەی، کە بەرھەمی خوێنی بەنرخی ئەوانە.
 
لەم بۆنە مێژووییەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی ھەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان و بە تایبەتییش یەک بە یەکی پێشمەرگە قارەمانەکان، دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سووربوونیان لەسەر بەدیھێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە. 
 
سەرکەوتن ھەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە
 
بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کورد و کوردستان