وردەکاریی کوژرانی پاسەوانی مۆڵێکی هەولێر 'لەسەر خواردنەوەیەکی وزەبەخش' لەلایەن هاوپیشەکەیەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
پاسەوانێک لە هەولێر 'لەسەر خواردنەوەیەکی وزەبەخش' لەلایەن هاوپیشەکەیەوە کوژرا. بکوژ و کوژراو، لانیکەم ساڵێک لە کاژێر 12:00ـی شەو تاوەکو 08:00ـی بەیانی بەیەکەوە ئێشکگری بەردەم فامیلی مۆڵ بوون لە هەولێر.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16-8-2023) بە شین و گریانی دایک و کەسوکاری، تەرمی عەلی بەخاک سپێردرا. 
 
عەلی ئەو پاسەوانەیە کە دەگوترێت لەسەر خواردنەوەی وزەبەخشێک بەدەستی هاوپیشەکەی کوژراوە، هەرچەند باس لە ناکۆکییەکی پێشتر لەنێوانیان دەکرێت، بەڵام شەوی دەمەقاڵێکە، رووداوەکە بەم جۆرە بووە: عەلی لەکاتی چوونی بۆ دەوام وزەبەخشێکی لەگەڵ خۆی بردووەتە سەر کار، کاتێک هاوڕێکەی وزەبەخشەکەی عەلی دەخواتەوە، دەبێتە دەنگەدەنگ و شەڕ لەنێوانیاندا دوای جیاکردنەوە و ئاشتبوونەوەیان، دوای پێنج کاژێر، بکوژ بە دەستڕێژی گولـلە کۆتایی بە ژیانی هاوپیشەکەی دەهێنێت. 
 
عەبدولسەلام داود، باوکی عەلی دەڵێ "لەسەر خواردنەوەی وەزبەخش کوژراوە. (عەلی بە بکوژی ) گوتووە 'بۆ وزەبەخشەکەت خواردووەتەوە؟' قسەیەک لەم قسەیەکیش لەو ئەمیش وایکردووە."
 
نەزاکەت سەلیم، دایکی کوژراوەکە باسی ئەوە دەکات "من، چووم کچەکەی کە لە ژوورێکی دیکە بوو، بیهێنم. تەلەفۆنم بۆ باوکی کرد و گوتی 'تەندروستیی خراپە و لە نەخۆشخانەیە.' کە چووم گوتیان 'کوژراوە.' بەخوا عەلی پەپوولە بوو."
 
کوژراو، سێ ساڵ و بکوژ ماوەی ساڵێکە کارمەندی کۆمپانیای سکیۆریتیی مەندۆن، کە ئەرکی پاراستنی فامیلی مۆڵە لە هەولێر. 
 
هەرێم عەلی، بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیای مەندۆ دەڵێ "بکوژ و کوژراو هیچ کێشەییەکیان نەبووە. کە هەواڵەکەمان بیست زۆر بەلامانەوە سەیر بوو، دوای دەمەقاڵێکە بکوژ بە خاڵێکی دیکەی پشکنین چووە تاوانەکەی ئەنجامداوە."
 
عەلی عەبدولسەلام تەمەن 33 ساڵ باوکی کچێکی 5 ساڵان بوو، کەسوکارەکەی سکاڵایان تۆمارکردووە و لە دوای رووداوکەش، تۆمەتبار خۆی رادەستی پۆلیسی هەولێر کردووە و پەڕاوی لێکۆلینەوەش بۆ رووداوکە کراوەتەوە.