رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان دەڵێت، بۆ زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان، داوای دامەزراندنی زیاتر لە 200 کەسیان کردووە و بۆ ئەوەش چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانن.
چیا محەممەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان ئەمڕۆ (16-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "داوای دامەزراندنی 209 کەسمان کردووە، هەر لە بێ بڕوانامەوە تاوەکو خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا بۆ ئەوەی بەشێوەی گرێبەست دابمەزرێن".
بەگوتەی چیا محەممەد، ئەو 209 کەسە تەنیا بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان نین، کە لە قەزای کفرییە، بەڵکو بۆ سەرجەم بەش و کۆلێژەکانی زانکۆکەیە و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، لە رێگەی فۆرمەوە ئەو کەسانە هەڵدەبژێردرێن.
لەبارەی گواستنەوەی فەرمانبەران لە کەلارەوە بۆ کفری، سەرۆکی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان دەڵێت، ئەو بابەتە ئارەزوومەندانەیە و زۆر لە کەس ناکرێت، داوا لە کەسیش ناکرێت شوێنی خۆی بگوازێتەوە، بەڵام هەر فەرمانبەرێک بیەوێت لە کەلارەوە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی زانکۆکە بۆ کفری بگوازێتەوە، رێگەی پێ دەدرێت و ئاسانکاریشی بۆ دەکرێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆلێژی تەکنیکیی کەلار مانگرتنیان راگەیاند و داوایان کرد سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان لەنێو شاری کەلار بێت، بەڵام دواجار بڕیاردرا لە قەزای کفری بێت.
لەبارەی ئاستەنگییەکانی هاتووچۆکردن لەنێوان ئەو دوو قەزایە، د. چیا محەممەد گوتی، "هەموو ئاسانکارییەک بۆ ستاف دەکرێت بۆ ئەوەی کارەکانیان لەنێو کامپ لە قەزای کەلار رابپەڕێنن، هەرچەندە زۆربەی کارەکانمان کراوەتە ئەلیکترۆنی."
لە حوزەیرانی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕی دوو زانکۆی نوێ بە ناوەکانی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان و زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان بکرێنەوە.
لە ساڵی 1992ـەوە کەلار پەیمانگەی تەکنیکی هەیە کە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ کۆلێژی تەکنیکی و سەر بە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانییە. بە کردنەوەی ئەم زانکۆیە، سەربەخۆ دەبێت و سەربە زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی نامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ