لە سلێمانی 13 هەزار لەدایکبووی 2004 و 2005 ناوی خۆیان بەشێوەی بایۆمەتری تۆمارکردووە

16-08-2023
هۆرڤان رەفعەت
نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی
نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی
نیشانەکردن دەنگدان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی نزیکەی 13 هەزار لەدایکبووی ساڵانی 2004 و 2005 ناوی خۆیان بەشێوەی بایۆمەتری تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن، لەم راپۆرتەی رووداودا دوو هاوڕێ کە تەمەنیان 18 و 19 ساڵە قسە دەکەن و دەڵێن هیوایان بەوەیە بە دەنگدان گۆڕانکاری دروست بکەن.
 
دوای مشتومڕێکی زۆر و دواجار دیاریکردنی 25ـی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆن دەستی بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان کرد. نزیکەی 43 هەزار دەنگدەری نوێ، ناویان تۆمارکردووە و چاویان لەوەیە جێپەنجەی خۆیان لەسەر داهاتووی پەرلەمانە پەکخراوەکەی هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.
 
پەیوەند جەلال، یەکێک لە دوو هاوڕێکەیە و تەمەنی 18 ساڵە، دەڵێ "من لە ساڵی 2005 لەدایک بووم. ئەمە یەکەمین جارە بەشداری هەڵبژاردن دەکەم، هەستێکی خۆشە کە دەتوانم بڕیار لە داهاتووی خۆم بدەم و لە رێگەی دەنگدانەوە گۆڕانکاری دروست بکەم".
 
رەهەند جەمالی هاوڕێشی تەمەنی 19 ساڵە و دەڵێ "پێشتر لە قوتابخانەیەکی دیکە کارتی بایۆمەترییەکەمان دەرکردبوو، ناومان تۆمارکردبوو و، ئەمڕۆ هاتینەوە بزانین کارتەکەمان هاتووەتەوە یاخود نا، یەکەمجاریشمە دەنگ بدەم و هەستێکی خۆشە، هەروەها پێویستە گەنجانیش دەنگ بدەن، تاوەکو داهاتووی خۆیان دیاری بکەن".
 
گەنجێکی دیکەی تەمەن 19 ساڵ بەناوی سەرۆک سامان دەڵێ "لەدایکبووی ساڵی 2004ـم، یەکەم جارمە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەم، بەگرنگیشی دەزانم سەرجەم گەنجان بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن، بەتایبەتی ئەو نەوەیەی کە یەکەم جاریەتی دەنگ دەدات."
 
لە تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 596 کەس دەتوانن دەنگ بدەن. ماوەی مانگێک دانرابوو بۆ نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان، بەڵام هێشتا کەمتر لە 70٪ـی ئەو کەسانە چوون بۆ نوێکردنەوەی کارتی دەنگدانیان.
 
لە پارێزگای هەولێر، یەک ملیۆن و 312 هەزار و 601 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە لەسەدا 65٪ـیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
 
لە پارێزگای سلێمانی یەک ملیۆن و 441 هەزار و 885 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە تائێستا 75٪ـیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
 
هەروەها لە پارێزگای دهۆک 556 هەزار و 110 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش تەنها لەسەدا 70٪ـیان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.
 
لقی سلێمانیی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رازییە لە بەشداریی گەنجان، هەرچەندە چواریەکی کۆی دەنگدەران تائێستا سەردانیان نەکردوون.
 
ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ "لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 55 هەزار دەنگدەر داتا و زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە، لەدایکبووانی ساڵانی 2004 و 2005ـیش لە چوارچێوەی ئەو داتایەن کە نزیکەی 13 هەزار کەسن و، خۆیان بەشێوەی بایۆمەتری تۆمارکردووە و لەماوەیەکی نزیکدا کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان بۆ دەگەڕێتەوە."
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە چارەنووسی کۆمیسیۆنەکە روون نییە و سەرەتای ساڵی داهاتوو ماوەی یاسایی ئەندامانی کۆمیسیاران تەواو دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە