رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دەڵێت، دەبێ هەموو لایەنە کوردستانییەکان پێداچوونەوە بەسەر پەیوەندییەکانیاندا بکەن؛ دەشڵێت، پارتی و یەکێتی رکابەری یەکدین نەک دژبەر، ''بەڵام هیچ رێککەوتنێکی نوێمان لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ یەکێتی واژۆ نەکردووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 16-08-2023، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکات لەگەڵ یادی 77 ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەی میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد و رایگەیاند، لە هەلومەرجی ئێستادا پێوستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان پێداچوونەوە بەسەر پەیوەندییەکانیاندا بکەن و هەوڵ بدەن ئەم پەیوەندییانە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتماندا بن.
مەحموود محەممەد هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەغدا بە هۆکاری "دۆخی خراپی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەزانێت" و گوتی، "لەسەر بودجە پێشێلی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێمە کرد و کۆمەڵێک کێشەش هەن کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە، لە بەغداوە بۆ ئێمە و حکومەت دروست دەکرێن کە دۆخەکە بەو شێوەیەی لێهاتووە."
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبەکەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان پەیوەندییەکی باشی هەیە و پێیوایە، "پێویستە لایەنەکان لەسەر هەندێک بنەمای وەکو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی، مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتانەی کە لە دەستووردا جێگیر کراون هاوڕا بن و رێگە نەدەن ئەم بابەتانە هۆکاری دورستبوونی رکابەریی نێوانیان بێت."
پارتی و یەکێتی چەندین جار لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حیزب سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان کۆبوونەتەوە، مەحموود محەممەد لەوبارەوە ئاماژەیدا، "لە کۆبوونەوەکاندا قسەی باش کراوە و لە هەندێک دۆخیشدا گەیشتووینەتە ئەوەی بڕیاری باشیش بدرێت، بەڵام بە شێوەی کۆنکرێتی هێشتا رێککەوتن و بڕیارێک لە نێوان ئێمە و یەکێتیدا واژۆ نەکراوە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی:
رووداو: دوای 77 ساڵ پارتی لە چییەوە بووە بەچی؟
مەحموود محەممەد: سەرەتا پیرۆزبایی یادی 77 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم ئەندامان، لایەنگران، جەماوەر، کادیرانی خۆشەویستی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی دەکەم بەبۆنەی 77ـمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتەکەمان و پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆکیش دەکەم بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی.
77 ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان لەپێناوی مافە رەواکانی خەڵکی کوردستاندایە و لە سەردەمێک دامەزرا کە بێ ئومێدی باڵی کێشابوو بەسەر کوردستاندا و دژبەرانیش هەوڵیان دەدا ئەو بێ ئومێدی و بێ هیواییە زیاتر بکەن و ئەو رەشبینییەی کە چاندبوویان، زیاتر تۆخی بکەنەوە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان هیچ ئومێدێکی نەمێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە مافە رەواکانی خۆی بگات، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناخە جیاجیاکانی تێکۆشان، بە خەباتی نهێنی، سیاسی، دیپلۆماسی، خەباتی رایگەیاندن و هەروەها ئەوەی کە پێویست بوو وەکو خەباتی چەکداری ئەنجامی دا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە، بە مافە رەواکانی خۆیان بگەن.
لە ئاستی ئەم بابەتە هەر لە سەردەمی پێشووشدا چ لەگەڵ حیزبە عەرەبییەکان کە لە عێراقدا هەبوون، بۆ ئەوەی پەیوەندی هەبێت، تێگەیاندنێک لەوەی کە ئێمەی کورد مافەکانمان چین و داوای چی دەکەین لەگەڵ ئەواندا هەبووە، لە دوای ئەوەش کە وەکو تاکە حیزبی کوردی لە کوردستانی عێراقدا سەرکردایەتیی شۆڕش بە رابەرایەتیی بارزانی نەمر کرا، هەوڵ و کۆششەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عەرەبیی عێراقی بەردەوام بوو، دوای ئەوەش کە لە کوردستانیشدا گۆڕەپانێکی کراوە و لە ئاکامی هەبوونی بیرۆکەی جیا و ئایدیۆلۆژیای جیاواز حیزبی دیکە دروست بوون، پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان چ وەکو بەرە [جەبهە] و چ وەکو تاکە تاکی لایەنەکان، لە پەیوەندیی دوو قۆڵی لەگەڵ لایانەکان بەردەوام بوو و هەوڵی داوە برەو بەو بابەتە بدات؛ ئێستاش لەم هەلومەرجەی کە تێیداین زیاتر لە هەموو کاتەکان پێویست بەوە هەیە کە هەموو لایەنەکانی کوردستانی پێکەوە پێداچوونەوە بەسەر پەیوەندییەکانماندا بکەین و هەوڵ بدەین کە ئەم پەیوەندییانە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانیدا بن.
رووداو: کێ لەو دۆخە ئابوورییە بەرپرسیارە کە بە شێوەیەک خراپە ئێوە بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبەکەتان ئاهەنگ ناگێڕن؟
مەحموود محەممەد: خەڵک گلەیی ئاراستەی ئێمە دەکات و ئێمەش لە بەرپرسیارێتی راناکەین، بەڵام حەقە ئەو گلەییانە لەو خەڵکانە بکەن کە دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن، ئێمە هەوڵمان داوە ئەم دۆخە بەرەو ئاڵۆزی نەچێت و هەوڵ بدەین کە لێکتێگەیشتنێک هەبێت کە یەکدی قبووڵ بکەین بە هەموو جیاوازییەکانیشمانەوە، بەڵام ئەوە تەنیا بە پارتی ناکرێت، هەر لەبەر ئەوەی کە ئێمە چونکە کورسی زیاترمان هەیە جەماوەری ئێمە لە نێو کوردستان زیاترە؛ خەڵکێک ئەگەر کەمیش بێت، دەتوانێت کێشە دروست بکات، دەتوانێت گرفت دروست بکات، ئاڵۆزی دروست بکات، دەبێ خەڵکیش ئەوە ببینێت، ئەوانەی کە گلەییان لە پارتی هەیە دەبێ ئەوەش ببینن. ئێمە چەند ساڵێکە ئاهەنگ ناگێڕین لە بابەتی ساڵوەگەری دامەزراندنی پارتیمانەوە، کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ ئەم بابەتە، کە رەنگە یەکێک لەوانە مەسەلەی ئابووری بێت و ئەوەی دیکەش کۆمەڵێک بابەتی دیکە هەیە کە پێویست بەوە دەکات ئێمە لەکاتی دیاریکراودا ئەو بۆنانە وەکو ئاهەنگ رێکبخەین و لەوانەیە بە پێویستمان نەزانیبێت، بۆیە ئێمە لە بەرپرسیارێتی رامان نەکردووە، چ لە کاتی سەرکەوتنەکانمان، چ لەکاتی نسکۆکان کە تووشی بووبین و ئەو بەرپرسیارێتییەمان هەڵگرتووە، چونکە ئێمە هەڵگری بیر و باوەڕی نەتەوەیین و کە دامەزراوە، وەکو ئالییەتێکی گونجاو بۆ بەدیهێنانی مافی رەوای خەڵکەکە دامەزراوە، بۆیە ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرین و هەوڵیشمان بۆ داوە و وەکو گوتیشم ئەمە بە هەموو لایەنەکان دروست دەبێت و کۆمەڵێک کێشە هەیە کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە لە بەغداوە بۆ ئێمە و حکومەت دروست دەکرێت کە بارودۆخەکە بەو شێوەیەی لێهاتووە.
رووداو: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی یەکێتی پەیوەندییەکانتان چۆنە؟
مەحموود محەممەد: لە کوردستان کۆمەڵێک بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە کە هەموو ئەو بیر و بۆچوونە جیاوازانە بارگاوین بە ئایدیۆلۆژیای جیاواز و تێڕوانینی جیاواز، کەواتە حیزبی جیاوازیش هەن، ئەو حیزبە جیاوازانەی کە لە کوردستان هەن، رکابەری یەکدین، بەڵام دەبێ ئەوە لێکبکەینەوە کە ئێمە رکابەرین ئێمە نابێت دوژمن و دژی یەکدی بین، ئێمە رکابەرین لەسەر ئەوەی چۆن بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لەو رێگەیانەی کە قەناعەتمان پێی هەیە بەو مێتۆدەی کە ئێمە بە باشی دەزانین، ئەوان بە باشی دەزانن، بە دەستی بهێنین، نەک ئەوەی کە ئێمە دژی یەکدی بین و هەرچی بیڵێین هەر دژی یەکدی بێت، بۆیە پێمانوایە پێویستە لەسەر هەندێک بنەما ئێمە رێککەوتنمان هەبێت بەبێ ئەوەی کە هیچ هاوپەیمانێتییەکی دوو قۆڵی، سێ قۆڵی یان چوار قۆڵی هەبێت، بەڵام دەبێ لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمانی، لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە دەستووردا جێگیر کراون هاوڕا بین و رێگە نەدەین ئەم بابەتانە ببێتە بابەتی رکابەری نێوان ئێمە و لایەنەکان یان لایەنەکان لەگەڵ یەکدی یان لایەنەکان لەگەڵ ئێمە.
رووداو: هیچ هێزێکی کوردستانی هەیە کە هاوڕا نەبێت لەسەر ئەو بابەتانەی کە لە دەستووردا جێگیر کراوە؟
مەحموود محەممەد: زۆر بابەت هەن کە روودەدات و کاریگەرییان لەسەر دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، پەیوەندییان بە ئەو مادە و بڕگانەوە هەیە کە لە دەستووردا چەسپاون و ئەو هەوڵانەی کە هەن بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک لە شێوەکان لاواز بکرێت، ئەمانەش دەچنە پاڵ ئەو هێزانەوە بۆ ئەوەی قەوارەکە بەو بەهێزییەی خۆی کە هەموومان بیری لێدەکەینەوە، نەمێنێتەوە.
رووداو: کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بەم نزیکانە دەکرێت؟
مەحموود محەممەد: ئێمە زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان کردووە و لە کۆبوونەوەکاندا قسەی باش کراوە و لە هەندێک دۆخیشدا گەیشتبووینە ئەوەی کە بڕیاری باشیش بدرێت، بەڵام بە شێوەی کۆنکرێتی هێشتا هیچ شتێکی رێککەوتن لەسەرکراو یان بڕیارلێدراو لە نێوان ئێمە و ئەواندا واژۆ نەکراوە.
ئەوەی هەڵبژاردنیش ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراویدا کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، ئەنجام بدرێت و هەموومان پاڵپشت بین ئەم هەڵبژاردنە زووتر بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتی بۆ دامەزراوە یاساییەکانی [شەرعی] هەرێمی کوردستان و ئەو بۆشاییەی کە ئێستا لە نەبوونی پەرلەماندا هەیە، پڕ بکرێتەوە و چی دیکە لە ئاکامی نەبوونی ئەم پەرلەمانەدا بۆشاییەک دروست نەبێت کە خەڵکی ناحەز دەست بخاتە نێو کارەکان و پیلانی خراپ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی ئەنجام نەدەن.
رووداو: ئێوە لەگەڵ هەڵبژاردنن لەکاتی خۆیدا، ئایا هەمان نیازتان لە یەکێتیش بینیوە؟
مەحموود محەممەد: ئێمە ئەوەمان راستەوخۆ بە ئەوانیش و بە هەموو حیزبەکانی دیکەش گوتووە، بە هەموو لایەنەکان کە سەردانمان کردوون، پێمان گوتوون کە ئێمە لەگەڵ ئەو بابەتەین و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کە شاندێکی ناردبوو بۆ لای ئێمە و هەموو لایەنە سیاسییەکان، پەیامی ئەوانیش ئەوە بوو کە ئەم بابەتە بە راوێژ کراوە، کەواتە دەبێ هەموومان پابەندی بین؛ تاوەکو ئێستا هیچ یەک لە حیزبەکان رەتیان نەکردووەتەوە، زۆربەیان گوتوویانە ئێمە پابەندین بەوەی کە هەڵبژاردنەکە بکرێت.
رووداو: دوای کۆبوونەوە لە بەغدا، ئێستا پارتی هیوای بەوە هەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە وەکو خۆی بنێردرێت؟
مەحموود محەممەد: ئێمە بۆ پێکهێنانی ئەو کابینەیەی کە ئێستا لە عێراقدا حوکمڕانی دەکات و بۆ ئەوەی کە کێشە دروست نەبێت، لەگەڵ ئەوان لە هاوپەیمانێتییەک داین بە ناوی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی سیاسی و رێککەوتن لەسەر نووسینی کارنامەیەکی هاوبەش بۆ حکومەتی ئێستای بەڕێز سوودانی دامەزراوە، هەم کارنامەکە و هەم رێککەوتنەکەش کۆمەڵێک خاڵیان تێدایە، لەوانە بواری ئابووری، بواری سیاسی و کۆمەڵێک بواری دیکەی ئەمنی و سەربازی، مادەی 140 و ناوچە جێناکۆکەکان، رێککەوتنی شنگال، بودجە و مووچە، کە لەسەریان رێککەوتووین، بەڵام بەداخەوە لەسەر مەسەلەی بودجە و مووچە لەکاتی دروستکردن یان لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەیاساکە چووە پەرلەمان، کۆمەڵێک شت روویدا کە دوور بوو لەو بڕیارەی پێکەوە دابوومان و بەو واژۆیانەی کە هەموولایەنەکان کردبوومان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ لەسەر ئەو بنەمایە شاندی ئێمە لە ئاستی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و کۆمەڵێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و هەندێک لە برادەرانی حکومەت، سەردانی بەغدایان کرد و ئەمەیان بە لایەنەکانی بەشدار لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە شیعە و سوننەوە گوت، کە ئەمە پێشێلکارییە کراوە و نەدەبووایە کرابا. جگە لەوەش، ئێمە کۆمەڵێک شتمان ئامادە کردووە لە رێگەی ئەو شاندەی کە ئەمڕۆ لە بەغدایە ناردوومانەتە ئەوێ بۆ هەموو لایەنەکان و پێمانگوتوون ئەم بابەتانە تاوەکو ئێستا هیچیان بۆ نەکراوە یان ئەم بابەتانە جێبەجێ نەکراون، یان ئەو بابەتانە وەکو ئەوەی کە دەبووایە جێبەجێ بکرێن، جێبەجێ نەکراون و کاریان لەسەر نەکراوە، یان بەپێچەوانەی ئەوە جێبەجێکراون، شاندەکەی ئێمە بۆ ئەوە چوو کە بە ئەوان بڵێت، ئەمە عورفی هاوپەیمانی نییە کە ئێوە کردووتانە.
رووداو: ئەو شاندەی پارتی کە سەردانی بەغدای کرد و ئەو شاندەش کە ئێستا لە بەغدایە هیچیان پێگوتراوە کە کەی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت؟
مەحموود محەممەد: شاندی ئێمە کە چوو بۆ بەغدا، لەگەڵ لایەنەکان قسەی کردووە و لەگەڵ حکومەت و سەرۆکوەزیرانیش قسە و کۆبوونەوەیان کردبوو، چ وەک چوارچێوە بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەیەک کراوە، چ وەکو لایەنەکانی بەشدار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دووبارە کۆبوونەوەیان لەگەڵدا کردبوون و هەموو ئەو بابەتانەیان پێگوتوون و هەموویان بەڵێنی ئەوەیان داوە کە چارەسەری ئەم بابەتە بکرێت، هەر بۆیەش داوا کرابوو هەموو لایەنەکان داوای ئەوەیان کردبوو ئەو گرفتانەی کە تاوەکو ئێستا هاتوونەتە پێش چین، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن, بۆیە ئەو بابەتانەی کە من باسمکردن شاندەکەی ئەمڕۆ بردوویەتە بەغدا، سەرۆکوەزیرانیش بەڵێنیی ئەوەی داوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات، چاوەڕوانین لەم یەک دوو رۆژەدا وەک ئەوەی کە ئەوان گوتوویانە چارەسەر، بزانین چارەسەرەکەیان چۆن دەبێت، دیارە هەندێک شتیان داوا کردبوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردبوو بۆ ئەوەی بیبات بۆ بەغدا و هیچ بیانوویەکیان نەمێنێت.
رووداو: حکومەتی عێراق داوای چی کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چی جێبەجێ نەکردووە کە تاوەکو ئێستا بەشە بودجەکەی وەکو خۆی نەنێردراوە؟
مەحموود محەممەد: وردەکاریی بابەتەکە ئەوەیە کە لیژنەیەکی تەکنیکی [پێکبهێنرێت]، کە داوای چی کراوە، مەسەلەی بودجەیە، مووچەیە، ئەو بابەتانەی دیکەی کە ئێستا بەزووترین کات دەمانەوێت چارەسەر بکرێن و هەندێک شتی دیکەش هەیە کە لەوانەیە درەنگتر چارەسەر بکرێن، بەڵام هەندێک شت دەکرا تاوەکو ئێستا چارەسەر بکرێن، هەندێک لەو شتانەی کە لەسەریان رێککەتووین وادەی یاساییان بۆ دیاریکرابوو، لەوەی کە دەکرا لە شەش مانگ ئەو لیژنە بۆی پێکبهێنرێت و ئەو لیژنەیە چارەسەری ئەو بابەتانە بکات، لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتەوە، بەڵام نەکراوە؛ بۆ نموونە رێککەوتنی شنگال دەبووایە لە ماوەیەکی دیاریکراودا هەوڵبدرێت کە چارەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێت کە هیچ کاری لەسەر نەکراوە و هەست دەکەین دەیانەوێت بە شێوازێکی دیکە وەکو ئەوەی کە هەندێک لایەن دەیانەوێت، چارەسەری ئەو بابەتە بکەن نەک وەکو ئەوەی لەسەری رێککەوتووین.
لەسەر مەسەلەی یاسای نەوت و گاز دەبووایە پێکەوە دابنیشین و رەشنووسێک ئامادە بکەین، بەڵام ئەوان لەلایەن خۆیانەوە هەندێک شتیان ئامادە کردووە، لەسەر هەندێک بابەتی دیکەش ئێمە هەموو ئەوانەمان رەتکردووەتەوە و پێمانگوتوون ئەمانە رێککەوتنیان لەسەر کراوە و دەبێت بە شێوازی رێککەوتنەکە بێت، بەڵام ئەوەی کە بەڵێنیان داوە، ئەوەیە کە مەسەلەی مووچە و بودجە جیا بکەنەوە لەو بابەتانە و بە شێوەیەک رێکیبخەن کە لەمەودوا بە مانگانە بگاتە هەرێمی کوردستان.
رووداو: هیچ بەڵێنێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەرگیراوە کە ئەوەی لە یاسای بودجەدا روویدا، لە یاسای نەوت و گاز دووبارە نەبێتەوە؟
مەحموود محەممەد: بێگومان شاندەکەمان بەر لە هەر شتێک بۆ ئەم بابەتە چوو و ئەوەیان پێگوتوون و ئەگەر ئەوە بکرێت، هیچ (مەفهوومێک) بۆ هاوپەیمانێتییەکە نامێنێت، ئەگەر هەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، لەسەر هەموو ئەو مەسەلەیەک بە زۆرینە و کەمینە شتەکان ببەنە پێشەوە و هاوبەشی، رێککەوتن و هاوسەنگی نەمێننن، کە سێ خاڵی بنەڕەتیی رێککەتنەکەی ئێمە بووە لەگەڵ ئەو لایەنانە، مەفهوومێک بۆ هاوپەیمانێتییەکە نامێنێت.
رووداو: بۆ نموونە ئەگەر شتێکی وا دووبارە کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چ کارتێکی لەبەر دەستە؟
مەحموود محەممەد: وەکو عەرەب دەڵێت "لكل حادث حديث"، ئەو کاتە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین.
رووداو: خەڵک داوای مووچەکەی دەکەن؛ گەشبینن بەوەی کە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت؟
مەحموود محەممەد: خەڵک مافی خۆیەتی، ژیانی دەوێت، خەرجی هەیە و پێویستی بە ژیانە و دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت کە هەم بودجە هەبێت بۆ ئەوەی پڕۆژە هەبن و خەڵک کاری هەبێت، هەم مووچە هەبێت بۆ ئەوەی کە بتوانێت ئیدارەی ژیانی رۆژانەی خۆی بکات، ئەمە شتێکە کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات، بەڵام ئەوەی کە ئێمە گەشبینین یان گەشبین نین، ئەوەی کە شاندەکەی ئێمە چووەتە ئەوێ و ئەوەی وەریانگرتووە لەوان، هەر هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان بەڵێنی ئەوەیان داوە کە نەهێڵن لەمەودوا ئەم بابەتانە دووبارە ببنەوە.
رووداو: لە کۆبوونەوەکاندا لایەنەکان تاک تاک بەڵێنییان داوە یان هەموو پێکەوە یەک قسەیان کردووە؟
مەحموود محەممەد: دوو کۆبوونەوە کراوە، کۆبوونەوەیەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و لەگەڵ لایەنەکانیش بە جیاجیا کۆبوونەوە کراوە، بەڵام لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا ئێمە باسی ئەو بابەتەمان کردووە و ئەوانیش بە هەمان شێوە قسەیان کردووە، یەک دوو برادەر لەوانەی کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدان، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەکە بەشدار نەبوون، برادەرانی ئێمە سەردانی ئەوانیشیان کرد و بە جیا لەگەڵ ئەوانیش کۆبوونەوە کە ئەوانیش رەغبەتی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت.
رووداو: پێتانوایە محەممەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەری کێشەکان جیاوازتر لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بیر دەکاتەوە؟
مەحموود محەممەد: تاوەکو ئێستا گوتوومانە پشتیوانی لەو برادەرە دەکەین و وەکو سەرۆکوەزیران پێمانباشە کە دەوری خۆی ببینێت و سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق بێت، لەکاتی پێشنیارکردنەکەشی پارتی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی پشتیوانییان لێ کرد، ئێستاش پێمان باشە هەر پشتیوانی لێ بکەین، بەڵام ئەم پشتیوانی لێ کردنە و بەردەوامبوونی ئەم پشتیوانییە بەوە بەستراوەتەوە کە چەندە بە کردەوە ئەو شتانەی کە رێککەوتنمان لەسەر کردووە، جێبەجێی دەکات.
رووداو: ئایا گومانتان هەیە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق بێت؟
مەحموود محەممەد: ئەگەر کێشەیەک هەبێت، دەبێ ئەویش بە خەمییەوە بێت بۆ ئەوەی کە چارەسەری بکات.
رووداو: تائێستا بۆ چارەسەری کێشەکان لە خەمدا نەبووە؟
مەحموود محەممەد: دەڵێین دەبێ لە خەمدا بێت و دەستی نەبەستن، چونکە ئەویش لەوانەیە هەندێک گرفتی هەبێت، لەبەرئەوەی پشتیوانی ئەو، چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دەبێ پشتیوانی بن، بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو کارەکانی خۆی وەکو ئەوەی دەیەوێت و لە کارنامەکەیدا هاتووە، جێبەجێی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ