د. ڤیان سەبری: سەدر ترسی لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەدرییەکان ترسیان لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە هەیە. دەشڵێت، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای عێراق پشت بە بنەماکانی دەستوور ببەسترێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختەیش بێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ئێستا هەریەک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەدرییەکانیش لە دۆخێکی سەختدان، هەروەک چارەسەری دۆخی ئێستا تەنیا بە گفتوگۆی لایەنەکان دەبێت و دەبێت هەمووان بگەڕێنەوە سەر بنەماکانی دەستوور".
سەدر داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش رەتیدەکاتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری دۆخی ئێستای عێراق بکات، ئەوان وەکو پارتی لارییان نییە، بەڵام دەبێت هەموو لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە کۆک بن و هەروەها بەپێی رێکارە دەستوورییەکان بێت.
رۆژی یەکشەممە، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆبووەوە، دواتریش وا بڵاوکرایەوە کە عامری دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ هەیە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بەو هەوڵانە گوتی: "هەوڵەکانی هادی عامری پەیوەندی بەو هەوڵانەوە هەیە کە دەستیانپێکردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی لە نێو ماڵی شیعەدا دروستبووە، بەتایبەتی کە هادی عامری نزیکە لە هەموو لایەنەکان".