رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە داهاتوودا باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەڕوخێنرێت و شوێنەکەی دەکرێتە پارک، هەموو ئەوانەشی لە دەورووبەری باڵەخانەکە موڵکیان هەیە قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16-8-2022، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2010ەوە لە ماستەر پلاندا شوێنی پارێزگای هەولێر بۆ پارک دیاریکرا، لە 2014ش باڵەخانەیەک لەسەر شەقامی 60 مەتری بۆ پارێزگای هەولێر دروستکرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی دارایی تەواو نەبووە، بۆیە گواستنەوەی شوێنی پارێزگای هەولێر بۆ ئەوێ دواخرا."
هێمن قادر ئاماژەی بەوە دا "لە داهاتوودا باڵەخانەی پارێزگای هەولێر تێکدەدرێت واتا هەر کاتێک باڵەخانەی نوێی پارێزگا تەواو بوو، بەڵام هێشتا دیار نییە کەی باڵەخانە نوێیەکە تەواو دەبێت."
بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر: "هەموو ئەو کەسانەی لە دەوروبەری بینای پارێزگای هەولێر موڵکیان هەیە، قەرەبوودەکرێنەوە تەنانەت بەشێکیان قەرەبووش کراونەتەوە."
جگە لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، ژمارەیەک باڵەخانەی دیکەش تێکدەدرێن و شوێنەکەیان دەکرێتە پارک و سەوزایی، لەوانەش باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر.
پێشتریش باڵەخانەی دادگەی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بۆ هەمان مەبەست رووخێندران، بەڵام شوێنەکانیان هێشتا نەکراوەتە پارک و سەوزایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ