ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ بە ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی پێنج قەزا دەدات

16-08-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن ئەنجوومەنی شارەوانییەکان ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر لیستی پێشنیازی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی پێنج قەزا بدەن، لەگەڵ دەنگدان لەسەر یاداشتێک بۆ بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکانی کوشتن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "دوای پەسندکردنی ناوی ئەندامان و سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەو قەزایانە، بەردەوام دەبین لەسەر پەسندکردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی شوێنەکانی دیکەش."
 
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رۆژی دووشەممە کارنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی، ژمارە 101 لە رۆژی چوارشەممە 17ی ئابی 2022 بڵاوکردەوە، کە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت، لەوانەش لیستی پیشنیازی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی قەزاکانی، "کۆیە، خەبات، شەقڵاوە، پیرمام و دەشتی هەولێر." هەروەها پێشکێشکردنی راپۆرتی لیژنەی شارەوانییەکان لەوبارەیەوە، تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر یاداشتی شەش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای تایبەت بە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر.
 
سامان ستار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، رۆژی 15ی ئابی 2022، لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە ئاساییە و لەبارەی چەند پرسێکە، لەوانەش دەنگدان بە لیستی ناوی پێشنیازکراوی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی پێنج قەزا کە بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 دەبێت، دوای ئەوەی ساڵی پار ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر پەسند کرا."
 
سەبارەت بە گرنگی هەبوونی ئەو ئەنجوومەنانە، سامان ستار ئەوەی خستەڕوو، "هەبوونی ئەو ئەنجوومەنانە و چالاککردنەوەیان کارێکی پێویستە، چونکە ئەوان بەرپرسن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە دەسەڵاتی سەرۆکی شارەوانییەکان نییە، بۆیە لەپێناو خزمەتی زیاتر، گرنگە رێکبخرێنەوە."
 
بڕگەی کۆتایی کارنامەکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تایبەتە بە یاداشتی شەش ئەندام لەبارەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێرەوە. سامان ستار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر روونیکردەوە، "ئەو یاداشتە پێشتر لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە پێشکێش کرابوو، بۆئەوەی لەبارەی رووداوەکانی کوشتن و کۆمەڵێک رووداوی دیکەی ئەمنی روونکردنەوە بدات، بۆیە لە کۆبوونەوەی چوارشەممە ئەگەر ئەو یاداشتە دەنگ بهێنێت، ئەوا بەڕێوەبەری پۆلیس بانگهێشت دەکرێت."
 
مانگی تەممووزی ساڵی 2020، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ باشتر راییکردنی کاروباری شارەوانییەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە پارێزگا و قەزا و شارۆچکەکان سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی دیکە پێکدەهێندرێنەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ژمارە 2ی ساڵی 2019 کە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستانە، هەروەها بە بڕیاری ژمارە 32ی کۆبوونەوەی ژمارە 12ی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 30-10-2019.
 
ماوەی نزیکەی 20 ساڵ دەبێت ئەنجوومەنی شارەوانییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتبوو، کە بەپێی وەزارەتی شارەوانی لە هەرێمی کوردستان 184 شارەوانی هەن.
 
بەپێی ماددەی دوو لە پەیڕەوی ژمارە دووی ساڵی 2019، ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ دەنگدان لەسەر ئەو بەربژێرانەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی دیاریدەکرێن رادەسپێردرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە رێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبن و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن، واتە رەچاوی پێکهاتەکانی تێدا بکرێت.
 
پەیڕەوی ژمارە دووی ساڵی 2019، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانیی بەم شێوەیە پۆلێن کردووە:
 
- ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر، 17 ئەندام دەبن، رێژەی 75%، واتە 13 کەسیان لە سەرۆكی فەرمانگەكان دەبن، رێژەی 25%، واتە چوار ئەندام بۆ نوێنەرانی رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.
 
- سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، كەلار، هەڵەبجە، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن)، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی 13 كەس دەبن، رێژەکانی 75% و 25% بەدوای یەک لە سەرۆکی فەرمانگە و رێکخراوە پیشەیی و ناحکومییەکان دەبێت، واتە 10 بە 3 ئەندام.
 
- شارەوانییەكانی  پلە یەک، 14 قەزان، كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیان بە سەرۆکیشەوە 11 ئەندامە، 8یان لە سەرۆکی فەرمانگەکان و 3یان لە نوێنەرانی رێکخراوەکان دەبێت.
 
- شارەوانییەكانی پلە دوو، لە شارۆچکەکان پێکدێت کە ژمارەیان 33 شارەوانییە، ژمارەی ئەندامانیان بە سەرۆکەوە 9 ئەندام دەبێت و 7 بە دوو بەسەر سەرۆکی فەرمانگە حکومییەکان و رێکخراوەکاندا دابەش دەبێت.
 
- شارەوانییەكانی پلە سێ، ژمارەیان 35 شارەوانی دەبێت، کۆی ئەندامان و سەرۆکەکانیان بۆ هەر شارەوانییەک 7 ئەندامن، 5 بە دوو بەسەر نوێنەرانی سەرۆکی فەرمانگەکانی حکومەت و رێکخراوە پیشەیی و ناحکومییەکان دابەش دەبێت.
 
- شارەوانییەكانی پلە چوار، 95 شارەوانین، ژمارەی ئەندامان و سەرۆکەکانیان بۆ هەر شارەوانییەک 5 ئەندامن، 3 بە دوو بەسەر سەرۆکی فەرمانگە و نوێنەری رێکخراوەکان دابەش دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.