خالید شوانی: تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار بۆ کوردستان دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوای زنجیرەیەک دانوستاندن لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا، رۆژی شەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار و، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار بۆ کوردستان دەنێرێت.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا ئاماژەی بەوە داوە، رێککەوتنەکە تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2021ـی عێراق بەردەوام دەبێت.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا باسی لەوە کردووە، قۆناخێکی نوێ لەسەر بودجەی 2021ـیش دەستپێدەکەنەوە.
خالید شوانی ئەوەی خستووەتەڕوو، کۆمەڵێک بابەتی دیکەی ئابووری و رێکاری مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەکان لە خۆ دەگرێت کە بەپێی یاسای ژمارە 6ـی ئیدارەی دارایی فیدراڵیی ساڵی 2019 دەبێت.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە سبەی دووشەممە 320 ملیار دینار وەکو بەشە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لە بەغدا بڕیار لەسەر ناردنی پارەکە دراوە و رەوانە دەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی رووداو، وەزارەتی دارایی ئێستا نزیكەی 400 ملیار دیناری بۆ مووچە لەبەر دەستە، لەكاتی گەیشتنی 320 ملیار دیناری پارەی بەغداش سەرجەمی دەگاتە 720 ملیار دینار، بەڵام هێشتا ناتوانرێت مووچەی مانگێك بەبێ لێبڕین دابەشبكرێت، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە، مانگانە پێویستی بە نزیكەی 890 ملیار دینارە.
چوارشەممەی هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر میکانیزم و چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری 2020ی فەرمانبەران بدرێت.
هاوکات سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەپێناو زوو دەستكردن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی سێ، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێش دەخرێت. سەرچاوەكە گوتی "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە جیاتی رۆژی چوارشەممە دەخرێتە دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەوە یەكلایی بكرێتەوە دابەشكردنی مووچە بە چ شێوازێك بێت ئایا وەك مووچەی مانگی دوو لێبڕین بەرێژەی 21% بۆ زۆربەی فەرمانبەران و بۆ مووچەی پلە باڵاكانیش بەرێژەی 50% دەبێت یاخود گۆڕانكاری بەسەردا دێت".
لە شەش مانگی رابردوودا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش جار سەردانی بەغدای کردووە، هەرچەندە ئەنجامەکان بە ئەرێنی وەسفکراون، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندبوو، ئەگەر بزانێت بەغدا نیازی رێککەوتنی هەیە، خۆی بۆ گفتوگۆکردن دەچێتە بەغدا.