داوادەکرێ لە هەولێر و دهۆکیش هەڵمەتی وازهێنان لە نایلۆن و پلاستیک دەستپێبکات

رووداو - سلێمانی

هەڕەشەکانی پلاستیک لەسەر ژینگە لە سلێمانی بووەتە سەرچاوەی هەڵمەتێکی فراوانی بەرپرسانی ئەو شارە دژ بە بەکارهێنان و فڕێدانی پلاستیک. ئێستا داوادەکرێ لە هەولێر و دهۆکیش ئەو هەڵمەتە دەستپێبکات.

یەکەم هەنگاوی هەڵمەتەکەی سلێمانی لە قەدەخەکردنی سەتڵی ماستەوە دەستیپێکرد، قۆناخی دووەمیش بەکارهێنانی زەرفی کاخەز بوو لەجێگەی زەرفی نایلۆن لە نانەواخانە و رێستۆرانتەکاندا. ئەوەی ئێستاش کاری لەسەر دەکرێت جیاکردنەوەی دەبەی ئاو و پاشماوە پلاستیکییەکانە لە خۆڵ و خاشاک، کە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ سەر ژینگە، بەڵام سەرەتا تەنیا لە چێشتخانەکاندا دەبێت.

هیوا ئیبراهیم، خاوەنی چێشتخانە دەڵێت "بڕیارێکی باشە و ژینگە دەپارێزێت، وادەکات وردە وردە ژینگە پاکبکاتەوە، ئێمە رۆژانە 50 تاوەکو 150 کێس ئاو بەکاردەهێنین، هەر کێسێکیان 12 دەبە ئاوی تێدایە".

لە سلێمانی 1627 چێشتخانە و خواردنگە هەن، کە رۆژانە هەزاران بوتڵی ئاو و خواردنەوەکان و پاشماوەی پلاستیکی فڕێدەدەن. بە سەرکەوتنی هەڵمەتەکەش لەو شوێنانە، جیاکردنەوەی پلاستیک لە خۆڵ و خاشاک دەبێتە بڕیار بۆ ماڵ و گەڕەکەکانیش.

ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی دەڵێت "کارێکی ئاسان نییە چونکە ماوەیەکی زۆرە خەڵک لەسەر ئەم شتانە راهاتووە، پێویستمان بە پشتیوانی زیاترە پێویستە ئەمە ببێتە بابەتێکی گەورە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی ژینگەوە کاری لەسەر بکەین لە هەموو پارێزگاکان".

ئەوەی لە سلێمانی کاری لەسەر دەکرێت هێشتا لە هەولێر باسی لێنەکراوە، رۆژانە لەو شارە 2500 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە بەڵام هەموویان بە تێکەڵی بەبێ جیاکردنەوە فڕێدەدرێن.

بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستای بەشی بایۆلۆجی زانکۆی کۆیە دەڵێت "پلاستیک ئێستا کێشەیەکی گەورەی جیهانە. لەپاش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی لەڕووی ژینگەییەوە لەسەرتاسەری جیهاندا ئێستا کێشەی دووەمی زەوی زیادبوونی پلاستیک و پیسبوونی زەوییە بە پلاستیک".

گواستنەوەی هەڵمەتەکەی سلێمانی بۆ هەولێر تەنیا بڕیاری بەرپرسانی ئەو شارەی دەوێت، چونکە وادەردەکەوێت خەڵک جێبەجێکردنەکەیان لا گران نەبێت.

لە دهۆک دۆخەکە باشتر لە شارەکانی دیکە دەگوزەرێت، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە خۆڵ و خاشاک فڕێنادرێتە خاکەوە و لە کارگەیەک رۆژانە نزیکەی 700 تۆن پاشماوەی شارەکە جیادەکرێتەوە، هەموو پاشماوە پلاستیکییەکانیش دەفرۆشرێن بەو کارگانەی جارێکی دیکە بەکاریاندەهێننەوە.

هەڤاڵ عومەر، ئەندازیار لە کارگەی جیاکردنەوەی خاشاک لە دهۆک دەڵێت "هەموو جۆرە خۆڵ و خاشاکێک پێکەوە بە تێکەڵی دێنە کارگە، ئەمە ئاستەنگی سەرەکی ئێمەیە لە کارگەدا، ئەگەر خۆڵ و خاشاک لە ماڵەکان جیابکرێتەوە و بەو جۆرە بهێندرێتە کارگە کاری ئێمە زۆر ئاسانتر دەبێت، توانای کارگەش باشتر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک".

پاشماوە پلاستیکیەکان بەتایبەت دەبەی ئاو لە چەند ساڵی رابردوودا هێرشێکی فراوانبوون لەسەر ژینگەی کوردستان، چونکە بەهۆی زۆر بەکارهێنان و کۆنەکردنەوەیان لەناو شار و دەرەوەی شارەکانیش بەشێکی زۆر لەو خاکەیان پیسکردووە کە ساڵانێکی زۆرە بە خاکی بەپیت و کشتوکاڵی ناسراون.