رووداو - هەولێر
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ماددانەی لە شووتی پێنجوێن بەکارهێندراون ئاسایین و بۆ بەپیتکردنی خاک و گەشەی بەرهەمە چێنراوەکان بەکاردەهێنرێن و رێگەپێدراون و شیاون بۆ بەکارهێنان.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بەدواداچوونەکانی کۆتایی پێهێنا لەبارەی بابەتی بەکارهێنانی هەندێک ماددە بۆ گەشەکردنی شووتی لە ناوچەی پێنجوێن، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بڵاوکرایەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاووڵاتیان بڵاوکردەوە و بووە مایەی لێدان لەبەرووبوومی ناوخۆیی. بە گوێرەی ئەنجامەکان ئەو سێ ماددەیەی لە گرتە ڤیدۆییەکەدا دەردەکەوێت رێگەپێدراون و شیاون بۆ بەکارهێنان".
ماددەکان بریتین لە ''(هیوماکس) و (کالسێوم) و (سومۆ)، کە بۆ بەپیتکردنی خاک و گەشەی بەرهەمە چێنراوەکان بەکاردەهێنرێن و رێگەپێدراون و شیاون بۆ بەکارهێنان''.
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: "ئەنجامەکان مایەی دڵخۆشین، بەڵام بەکاربردنی سۆشیال میدیا بە دیووە نێگەتیڤەکەیدا کە ببێتە مایەی بڵاوکردنەوەی ترس لە دڵی هاونیشتمانیان و لێدان لە بەرووبوومی ناوخۆیی و زیانگەیاندن بە جووتیاران کە خۆیان لە دۆخێکی باش دانین بەهۆی نەبوونی بازاڕی پێویست بۆ بەرووبوومەکانیان مایەی سەرکۆنەکردن و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاساییە".
چەند رۆژێکە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا باسی لە ژەهراویبوونی شووتی پێنجوێن بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەوە دەکرد. دواتر وەزارەتی کشتوکاڵ بەڵێنی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بە هاونیشتمانیاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ