گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەبارەی شووتی پێنجوێن کاردانەوەی لێکەوتەوە


رووداو - پێنجوێن 

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەکات لەبارەی شووتی پێنجوێن بڵاوکرایەوە گوایە ''بە دەرمانی رێگەپێنەدراو شووتی پێنجوێن پێدەگەیێنرێت و زیانی بۆ هاونیشتمانییان هەیە''.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لەبارەی شوتی پێنجوێن بڵاوکراوەتەوە زۆر بەڕوونی هەست بەوە دەکرێ کە هەوڵی شکاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات و دەیەوێ ترس بڵاوبکاتەوە، سەرئەنجام بەقازانجی بەرهەمی هاوردە دەشکێتەوە.

جوتیارانی پێنجوێنیش دەڵێن، هیچ دەرمانێک بەبێ چاودێری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ بەکارناهێنن ئەوەشی لەسەر شووتی پێنجوێن بڵاوکراوەتەوە هەوڵی بازرگانانی شوتییە تاوەکو بەرهەمی ناوخۆ بشکێنن و خۆیان بەرهەمی دەرەکی هاوردە بکەن.

بۆ پێگەیشتنی شووتی، ماددەکانی فۆسفات، نایترۆجین و پۆتاسێۆم بەکاردەهێندرێت و شارەزایانی کشتوکاڵی ئەو ماددانە بە بێ زیان ناو دەبەن.

بۆ دڵنیایی لە سوودبەخش یان زیانبەخشبوونی بەرهەمی شووتی پێنجوێن، ئەندامێکی لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان سەردانی ناوچەکەی کرد.

چەند رۆژێکە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستاو دەستی پێدەکرێت، کە تێیدا باس لە ژەهراویبوونی شووتی پێنجوێن بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانەوە دەکات. 

بابەتێک کە وەزارەتی کشتوکاڵ سەرەڕای بەڵێنی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی جیدی، پێیوایە ڤیدیۆکە مەبەستدار یان نائاگاییانە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ترس و شکاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات.