رووداو - هەولێر
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەکات کە لەبارەی شووتی پێنجوێن بڵاوبووەتەوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند رۆژێکە لەڕێی سۆشیال میدیاوە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستاو دەستی پێدەکرێت، کە تێیدا باس لەوە دەکرێت، چەند جۆرێک دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ گەشەپێکردنی بەروبوومی شووتی لە ناوچەی پێنجوێن.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەشڵێت: بێگومان لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەرمانی کشتوکاڵی رێگەپێدراو بە رێژەیەکی دیاریکراوی زانستی بەکاردەهێنرێت بۆ گەشەی بەرهەمەکان، جگە لەو بەرهەمانەی کە 100% ئۆرگانین، ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەدواداچوونی پێویستمان دەبێت لەسەر ئەم بابەتە، چونکە پەیوەستە بە ژیان و تەندروستی خەڵکی وڵاتەکەمان.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات. هەرچەندە لە دەربڕینی ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی تۆمارکردووە زۆر بە روونی هەست بەوە دەکرێت کە هەوڵی شکاندنی بەرووبوومی ناوخۆیی دەدات و دەیەوێت ترس بڵاوبکاتەوە، ئینجا ئەم کارە مەبەستدار یان لە نائاگاییەوە بێت. کە سەرئەنجام بەقازانجی بەرهەمی هاوردە دەشکێتەوە.
لە کاتێدا لای هەمووان زۆر روونە بەرهەمی ناوخۆ زیاتر تەندروستتر و باشتر و ئۆرگانی تر و تازەترە بە بەراورد بە بەرهەمی هاوردەکراو لە وڵاتانی دراوسێ.
سەرباری ئەوەش جارێکی دیکەش بەڵێن دەدەین وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، زۆر بەجیدی لەم بابەتە دەڕوانین و لەهەموو روویەکەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ