رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح دەکەن، کە دوێنێ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار 'لە هەوڵێکی تیرۆرکردن' رزگاری بوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه، 16-7-2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسى لقى 22ـی پارتى ديموكراتى كوردستانى پرسى، كه دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆي‌دا له كه‌لار له هه‌وڵێكى تيرۆركردن به ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو."
رووداوەکە کاژێر 09:22ـی بەیانیی دووشەممە روویدا، کاتێک ئەکرەم ساڵح لەگەڵ پێشمەرگەیەک و شۆفێرەکەی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەیویست بچێتە دەوام، بەڵام وەک لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلەکەی دەتەقێتەوە، لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک بە قورسی بریندار نەبوو.
نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى هه‌واڵپرسى و هيواى سه‌لامه‌تى بۆ خۆى و ياوه‌رانى بريندارى، ''سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هه‌وڵه تيرۆرستييه و هه‌موو هه‌وڵێكى تيرۆرى سياسى كرد و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه لايه‌نه په‌يوه‌نديداره‌كان به‌دواداچوون بۆ كه‌يسه‌كه ده‌كه‌ن تاوەكو ئه‌نجامده‌رانى بدۆزرێنه‌وه و رووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه.''
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، بەرپرسەکەی لقی 22ـی پارتی دوێنێ تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە کردەوەیەکی ''تیرۆریست''ـی ناوهێنا و گوتی، ''ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە گرووپ یان لایەنێک لەپشت کردەوەکە بن.''
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ "ئه‌كره‌م ساڵح وێڕاى ئاماژه‌كردن به چۆنيه‌تيى هه‌وڵه تيرۆرستييه‌كه و زيانه‌كانى، سوپاس و پێزانينى بۆ خه‌مخۆرى و هه‌واڵپرسى و به‌دواداچوونى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه."
پۆلیس و ئاسایشی گەرمیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بەڵام تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەو بارەوە نەداوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە دوای سەردانی ئەو بەرپرسە حیزبییە رایگەیاند لایەنە ئەمنییەکانیان راسپاردووە "تۆمەتباران" ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ