خشتەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان گەیشت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکان بۆ مانگی ئایار و حوزەیران بڵاوکردەوە. 
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت: بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لەکۆی مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان دروست بووە و ئەو بڕە پارەیە لە شایستەی تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەنێردراوە.
 
بەپێی ئەو خشتەیە، مووچە بە دوو رۆژ دابەشدەکرێت، بەمشێوەیە: رۆژی چوارشەممە، 17-7-2024 مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستن و دام و دەزگا نەوتییەکان دابەشدەکرێت و رۆژی پێنجشەممە، 18-7-2024، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی 70 و 80، هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن دابەشدەکرێت. 

 

 

 

 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزەکانی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."   
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکردووە و هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکان و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە نییە، کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ هەردوو دیوانەکە دیاریکراوە بۆ وردبینیکردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو دامەزراوانەی ماون.
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، 15ـی تەممووزی 2024، "دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانیان کردین بۆ وردبینیکردن لە لیستی میلاکات و مووچە، دەرکەوت هیچ کێشەیەک لە لیستەکانی ئێمەدا نییە و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دانیان بەوەدا نا کە کێشەمان نییە."
 
دیوانی چاودێری لە هەردوو حکومەت دوای ئامادەکردنی راپۆرتەکەیان؛ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن و بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراوە، لە ژمارەی فەرمانبەران، لیستی مووچە، هیچ کێشەیەک لە وەزارەتی کارەبا و پەرلەمان کە مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە نییە.
 
لە رۆژی دووشەممە، 8ـی ئەم مانگەوە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە هەولێرە و وردبینی لیستی مووچە و میلاکات دەکات، بەتایبەت لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی کوردستان.