یەکگرتوو لە بازنەی پارێزگای هەولێر 13 بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 13 کەسی لە بازنەی هەولێر بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووە. بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە دەڵێت، چاوەڕێ دەکەن دەنگیان زیاد بکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پارێزگای هەولێر 13 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە کە چواریان ژنن؛ هەروەها محەممەد قادر سەرۆکایەتیی لیستەکە لە هەولێر دەکات.
بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین رێژەی دەنگەکانمان 10٪ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان زیاد بکات".
لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 30-9-2018 بەڕێوەچوو، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان "هاوپەیمانیی بەرەو ئیسلاح"یان پێکهێنا و 67712 دەنگیان بەدەستهێنا و 5 کورسیی پەرلەمانیان بردەوە.
ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو گوتیشی، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان هیچ هاوپەیمانییەکیان پێکنەهێناوە، بەڵام دەکرێت دوای هەڵبژاردن لەگەڵ چەند لایەنێک بەرەیەکی ناڕازی دروستبکەن.
18ـى تەممووز دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاری کراوە.
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن زیاتر لە 80٪ـی ئامادەکاری و رێکارەکانی تەواوکردووە. لیستی بەربژێران، چاپکردنی کاخەزی دەنگدان، راهێنان بە کارمەندانی کۆمیسیۆن، سێ دیارترین هەنگاوەکانن ماون.
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
لیستی ناوەکانی 13 بەربژێرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بازنەی هەولێر کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە:
1- محەممەد قادر محەممەد سەید
2- قاسم رەسووڵ مەحموود رەسووڵ
3- سێوجل کەمال عەبدولواحید یەحیا
4- بوخاری جەمیل عەلی پیرداود
5- بورهان خدر حوسێن مەولوود
6- هێمن محەممەد قادر شەریف
7- حەیدەر محەممەد عوسمان حەمەد
8- ئیسماعیل ئەحمەد حوسێن محەممەد
9- فائیزە عەلی ئەحمەد عەلی
10- عومەر حوسێن رەسووڵ حوسێن
11- سوندس عەلی عەباس عەلی
12- نازناز مەجید مستەفا سەلیم
13- ئیدریس کەریم