بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی: چوار هەزار ماڵ بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت، هەرچەندە بەفیڕۆدانی ئاو ‏كەمبووەتەوە، بەڵام لە 6 مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە هەزار هاوبەشی ‏ئاو بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە سزادراون. ‏
 
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە پۆدكاستی ‏(بە كاتی سلێمانی)ـی رادیۆی رووداو كە ئاسۆ سەراوی پێشكێشی دەكات، ‏رایگەیاند، بەفیڕۆدانی ئاو بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو  35% بۆ 25% كەمی ‏كردووە و ئەوەشی بۆ بەرزبوونەوەی هۆشیاریی خەڵک گەڕاندەوە: ‏"سەرەڕای ئەوەش، سزادان بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاوەوە هەر هەبووە. بۆ نموونە، لە 6 مانگی یەكەمی 2024دا زیاتر لە هەزار هاوبەشی ئاو سزا دراون".‏
 
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی گوتی، بەهۆی ‏بەرفراوانبوونی بەردەوامی شاری سلێمانی ‌و زیادبوونی گەڕەكی نوێ‌، 15% ـی‏سلێمانی تۆڕی ئاوی پێنەگەیشتووە: ‏‏"ئەو شوێنانە نزیكەی 4000 ماڵ دەبن و بە ناچاری بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەکەین. هەر 5 بۆ 6 رۆژ جارێک، ئاو بە تانكەر دەگەیێنینە ئەو ‏ماڵانە".‏
 
ئامانج جەلال ‏باسی لەوەشكرد، پێداویستیی سلێمانی بۆ ئاو 500 هەزار مەتر سێجایە، بەڵام ‏ئەوان دەتوانن نزیكەی 300 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بكەن ‌و گوتیشی، ‏‏"بەو ئاوەش دەتوانین بە دوو رۆژ جارێك زیاتر لە دوو كاژێر ئاو بۆ ‏هاوبەشەكانمان بەردەینەوە".‏
 
لەگەڵ گەیشتن بە مانگەكانی حوزەیران و تەمموز سەرچاوەیەكی ئاوی سلێمانی ‏كە ئاوی سەرچنارە بە رێژەی زیاتر 50% كەم دەكات. ئامانج جەلال گوتی،"كارەكانی ‏پەرەپێدانی هێڵی یەكەمی ئاوی دووكان – سلێمانی 95% تەواو ‏بووە و ئەگەر بودجە هەبێت، ئەوا تەواوی دەكەین و ئەو كاتە گرفتمان زۆر ‏كەم دەبێتەوە".‏
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی نزیكەی 50 ملیار دیناری لای ‏هاوبەشەكانییەتی و ئەگەر ئەو پارەیە وەربگرنەوە 17% بۆ پێداویستییەكانی ‏خەرج دەكرێت، بەوەش وەك ئامانج جەلال گوتی، "بەشێكی زۆری ‏كێشەكان چارەسەر دەبن".‏
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی 190 هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە و 90%یان ‏پێوەری ئاویان بەستووە و ئەو هاوبەشانەش پێوەریان نەبەستووە مانگانە ‏‏80 هەزار دینار كرێی ئاو یان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوانەش كە پێوەری ئاویان ‏بەستووە بەپێی بەكارهێنانی ئاو مانگانە كرێی ئاو دەدەن.‏