رووداو ناوی بەشێک لە بەربژێرە سەربەخۆکانی هەولێر بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا 37 کەس کۆدیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و 25 کەسیان بەڵگەنامە و پێداویستییەکانی دیکەیان گەڕاندووەتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەممووزی 2024 مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەرگرتنی کۆد یەکیکە لە رێکارە سەرەکییەکانی بەربژێربوون. ئەو کەسەی کۆدی وەرگرتووە، لینکێکی کۆمیسیۆن دەکاتەوە و فۆرمێک پڕدەکاتەوە، دواتر لەگەڵ چەکی بانک و هەندێک پێداویستیی دیکە بۆ ئێمەی دەهێنێتەوە و ئیدی بە فەرمی دەبێتە بەربژێر."
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو ئێستا 37 کەس کۆدیان بۆ بەربژێربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەرگرتووە و 25یان پێداویستییەکانیان گەڕاندووەتەوە.
 
فەرهاد پیرباڵ، یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، "هەموو مامەڵە و داواکارییەکانی کۆمیسیۆنم تەواو کردووە. ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکەین ژمارەمان پێبدەن و دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەین."
 
18ى تەممووز دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنى لیستى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دیاری کراوە.
 
بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە 3 کورسی دیاری کراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانى 2  کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراوە؛ لە دهۆکیش کورسیەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخانکراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ ئەنجامدانی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن زیاتر لە 80٪ـی ئامادەکاری و رێکارەکانی تەواوکردووە. لیستی بەربژێران، چاپکردنی کاخەزی دەنگدان، راهێنان بە کارمەندانی کۆمیسیۆن، سێ دیارترین هەنگاوەکانن ماون.
 
26-06-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
رووداو ناوی هەندێک لە بەربژێرانی سەربەخۆ لە سنووری هەولێر بڵاودەکاتەوە کە ئەمانەی خوارەوەن:
 
1. کامەران نووری عەبدوڵڵا ئەحمەد
2. زەینەب سابیر رەشید رەسووڵ
3. ئومێد عەبدولسەلام قادر تەها
4. فەرهاد پیرباڵ عومەر سەعید
5. ‌هێمن فەیسەڵ محەممەد ئەمین
6. ئەمیرە تەها محەممەد نەبی
7. شانۆ موعین موستەفا
8. رزگار ئیبراهیم محەممەد حوسێن
9. ئەمیرە رەئووف عەبدوڵڵا سادق
10. ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئەحمەد مەحموود
11. جاسم محەممەد حوسێن عەلی
12. عەلی سوارە ڕەش حەسەن
13. فەریق فایەق کاکەڕەش
14. رێدار عەبدولخالق عەبدوڵڵا
15. عەلی محەممەد ئەمین خدر
16. زێبار هەرکی