جووتیاران داوا دەکەن لە ساڵانی داهاتوودا بڕی وەرگرتنی گەنم زیاتر بکرێت

16-07-2024
پێشەوا بەختیار
ژمارەیەک بارهەڵگر لە سایلۆیەکی هەرێمی کوردستان بە باری گەنمەوە وەستاون. وێنە: رووداو
ژمارەیەک بارهەڵگر لە سایلۆیەکی هەرێمی کوردستان بە باری گەنمەوە وەستاون. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

هاوشێوەی گەرمای تەممووز، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی گەرموگوڕە. جووتیاران بە هیوای رادەستکردنی گەنمەکەیان نۆرەیان گرتووە؛ ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بێگەردیی پرۆسەکە دڵخۆشی کردوون، بەڵام کەمیی کات و رێژەی وەرگرتن نیگەرانی کردوون.
 
موشیر مەجید، جووتیار دەڵێت، "حەز دەکەم بڕی گەنمەکە زیاتر بکرێت، چونکە گەر ئەم ساڵ هەرچییەک بێت و قسە نەکەن، دەبێت بە مەرج و هەموو ساڵ وا دەبێت، دەبێت بڕی زیاتر وەرگرن."
 
کەریم مەحموود، جووتیار گوتی، "ئەم ساڵ وەرگرتنی گەنم زۆر باش بوو، یەک رۆژ هاتم نۆرەم گرت و دووەم رۆژ گەنمم رادەست کرد."
 
هەرکات ژنە بەڕێوەبەرەکەی سایلۆی سلێمانی دەردەکەوێت، جووتیاران لێی کۆدەبنەوە؛ بەشێکیان بۆ سوپاسکردن و بەشێکیشیان بۆ گەیاندنی سکاڵا. لە سلێمانی تاوەکو ئێستا لە کۆی 282 هەزار تۆن، 252 هەزاری وەرگیراوە و لە چوار رۆژی داهاتوودا کۆتایی بە وەرگرتنی گەنم دەهێنن.
 
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی رایگەیاند، "پرۆسەکە خاو نییە، رۆژانە بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە گەنم وەردەگیرێت."
 
هەولێر هاوشێوەی سلێمانی گەرموگوڕیی لە وەرگرتنی گەنم هەبوو، جووتیاران کێبڕکێی ئەوەیانە گەنمی خۆیان زووتر رادەست بکەن، چونکە نرخی گەنم لە بازاڕی ئازاد نیو هێندە و کەمترە بەراورد بە سایلۆ حکومییەکان.
 
هاوژین حەمید، جووتیار باسی لەوە کرد، "دەبێت حکومەت یارمەتیی جووتیار بدات. ناکرێ هەموو ساڵێک بڵێن وەردەگیرێت یاخود نا. دەبێت شتێک بکەن بۆ چارەسەرکردنی. ئەگەر ئەم گەنمە وەرنەگیرێت، دەبێت من بە نیوە قیمەت لە بازاڕ بیفرۆشم، ئەمە ئەگەر بیشیکڕن."
 
بۆ ساڵی 2024، حکومەتی عێراق بڕی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".