بەهۆی خراپیی کارەبای نیشتمانی دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە شەش کاژێر رێگەی سلێمانی - هەولێریان داخست

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نزار جەزا
داخستنی رێگەی سلێمانی - هەولێر لەلایەن دانیشتووانی گوندی گۆپتەپەوە. وێنە: رووداو
داخستنی رێگەی سلێمانی - هەولێر لەلایەن دانیشتووانی گوندی گۆپتەپەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە شەش کاژێر رێگەی سەرەکیی سلێمانی - هەولێریان لە ناحیەی ئاخجەلەر بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگردا داخست. کەمی و ناڕێکی لە کاژێرەکانی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی هۆکاری ناڕەزایەتییەکەیانە.
 
عوسمان رەزا، خۆپیشاندەر دەڵێت، "گوندەکەمان 400 ماڵە، پێنج رۆژ پێش ئێستا ئاگاداری بەرپرسانی ناوچەکەمان کرد کە کارەبا مافی خۆمانە و پێمان نادەن، ئەمەش قسەی خەڵکی هەموو گوندەکەیە، بەم گەرمایە حاڵمان زۆر خراپە."
 
شڤان گۆپتەپەیی، خۆپیشاندەر گوتی، "خاوەنی زیاتر لە 450 شەهیدین، بەڵام بەداخەوە بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێنین، تەنانەت بەهۆی بێ کارەباییەوە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپەش کە ئاو بۆ گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات، وەکو پێویست کار ناکات، بۆیە داواکارین کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکرێت."
 
نزیکەی شەش کاژێر رێگەکە داخرا و دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، "گوێ لە داواکاریمان نەگیراوە، بەڵام بەشێوەی کاتی رێگەکە دەکەینەوە."
 
دانا عەبدوڵڵا، خۆپیشاندەر ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم خۆپیشاندانە دژ بە خەڵکی مەدەنی و بارهەڵگر و کاسبکاران نییە، چونکە خۆشمان دووکاندارین لەم سەر رێگەیە و بژێویی ژیانمان لەسەر هاتووچۆی ئەو خەڵکەیە، بەڵام ناچار بووین پەنامان بۆ ئەمە بردووە، بۆئەوەی کێشەی کارەباکەمان بۆ چارەسەر بکرێت."
 
ئەو رێگەیەی داخراوە رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی سەدان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلە، کە لەنێوان سلێمانی و هەولێر هاتووچۆ دەکەن.
 
موشیر فەقێ، شۆفێری بارهەڵگر دەڵێت، "رۆژانە غازی LPG لە چەمچەماڵەوە بۆ هەولێر باردەکەین، بەڵام ئەمڕۆ رێگەکەیان لێگرتووین، پلەی گەرماش زۆر بەرزە و پلەی گەرمای تانکەری غازەکەش بەرزبووەتەوە بۆ 80 پلە، هەرچەندە مەترسیی تەقینی نییە، بەڵام ئەگەر زیاتر بەرز ببێتەوە، بڕێک لەو غازە دەردەچێت، ئەگەر جگەرەیەک یان ئاگرێک یان هەر پریسکی ئاگری لێ نزیکببێتەوە، گڕدەگرێت و هەموو ئەم دەوروبەرە وێران دەکات."
 
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەر داوای خۆپیشاندەران بە رەوا دەزانێت و بە رووداوی گوت، "داواکارین پێداچوونەوە بە خشتەی دابەشکردنی کارەبا و کاژێرەکانی کارەبادا بکرێت."
 
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ئەوە دووەم جارە دانیشتووانی گوندی گۆپتەپە خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان وای لێکردوون لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام بن و دەڵێن، تاوەکو جێبەجێ نەکرێن لەم جۆرە ناڕەزایەتییە ناوەستین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە