شارۆچکەی کوڵەجۆ؛ پێش 2014 ماڵی عەرەبی تێدا نەبووە و ئێستا زۆرینەی عەرەبن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هونەر حەمید
بازاڕێکی کوڵەجۆ. وێنە: رووداو
بازاڕێکی کوڵەجۆ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کوڵەجۆ

ئەبوبەکر جەوهەر لەدوای رووخانی رژێمی سەدامەوە یەکەم خێزان بووە کە لە کوڵەجۆی کفری نیشتەجێ بووە، لەدوای ئەویش نزیکەی 50 خێزانی دیکە گەڕاونەتەوە. پێش 2014 هیچ ماڵی عەرەبی تێدا نەبووە، بەڵام ئێستا زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبن.
 
ئەبوبەکر جەوهەری 71 ساڵ، ئێستاش وەکو ساڵی 2003 دراوسێکانی بەجێیانهێشتووە، خۆی بە تەنها لەو گەڕەکە ماوەتەوە و بەقاڵی دەکات، دەڵێت، "من هاتم، ماڵی تێدا نەبوو. لە ساڵی 2003وە لەوێم، حکومەت ئەو خانووەی بۆ کردین؛ لە خوا بەزیاد بێت بۆ خۆمان دانیشتووین کەسابەتی خۆمان دەکەین، دراوسێکانمان هەموویان باریان کردووە."
 
شارۆچکەی کوڵەجۆ لەپێش ساڵی 2014، یەک ماڵی عەرەبی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا 438 خێزانی تێدا نیشتەجێیە، لەو ژمارەیەش تەنها 168 خێزانیان کوردن.
 
سوعات ئەحمەد، دانیشتووی کوڵەجۆ دەڵێت، "گەراجی تێدا نییە، من ئافرەتێکم دوو کاژێر بەسەر ئەو جادەوە دەوەستم تاوەکو ئۆتۆمبێلم بۆ دێت، دەچمە کەلار بۆ نۆرینگەی پزیشکی، دەکەوێتە شەو گەراجێکی نییە بێمەوە بۆ ئێرە، ئەو شەوە لە ماڵ خەڵک خەوتووم، خوا قبووڵ ناکات ئۆتۆمبێل دەڵێت بە 30 هەزار دینار دەتبەمەوە، خۆی نێوانمان 20 خوولەک نابێت."
 
عەباس نووری، دانیشتووی کوڵەجۆ ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی خزمەت بێت تیای نییە، ئاوەڕۆی تێدا نییە، قوتابخانەیەکمان بۆ کراوە کە ئەویش تەواو نەکراوە، لەبەر هەندێک شت رۆیشتووین بۆ کەلار، موەلیدەی تێدا نەبوو، خەڵک منداڵی هەیە، منداڵ قوتابخانەی هەیە."
 
پێشتر 560 خانوویان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دروستکرابوو، بەڵام لەسەر زۆرینەی خانووەکانی نووسراوە بۆ فرۆشتن یان فرۆشراوە یان دراوە بە کرێ بەو عەرەبانەی کە نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان.
 
ئەسعەد حەمید، ئاوارەی عەرەبی نیشتەجێی کوڵەجۆ گوتی، "لە ساڵی 2014وە هاتووم لە کوڵەجۆ دانیشتووم، لێرە رێزیان لێمان گرتووە و زۆر باش بوون لەگەڵمان، زۆر سوپاسیان دەکەین، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
تەها یاسین، ئاوارەی عەرەب باسی لەوە کرد، "لە شارەبانەوە هاتووم بۆ کوڵەجۆ، خەڵکەکەی باشن، مامەڵەیان باشە، جگە لە رێز و ئیحترام هیچیان نییە، سوپاس بۆ خوا پێکەوەین بە خۆشی و بە ئەمانەوە."
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەکە هۆکاری چۆڵبوونی شارۆچکەکە بۆ شەڕی داعش و کەمیی خزمەتگوزاری لەنێو شارۆچکەکە دەگەڕێنێتەوە.
 
ساڵح محەممەد، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کۆکس دەڵێت، "لەوەتەی بودجە راگیراوە، پرۆژەی خزمەتگوزاری وەکو پێویست نییە، لەبەر ئەوەی شارەوانی بودجە و ئیمکانیاتی نییە، نەخشە بنەڕەتییەکەشی نییە تاوەکو بجووڵێت لەسەر ئیشەکەی خۆی."
 
شارۆچکەی کوڵەجۆ دەکەوێتە باکووری کەلار، ئێستا بووەتە ناوچەی سنووریی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت